ئانا ئەخماتوڤا، شاژنی شیعری ڕوسی سەدەی بیست
ن: دلێر محەممەد لەتیف
ژنە شاعیری ڕوسی ئانا ئەخماتوڤا لە ساڵی ١٨٨٩ لە باڵشوی فانتان لە نزیک شاری ئۆدیسا ی سەر دەریای ڕەش لە دایکبوو. هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ساڵێک، کە خێزانەکەی گواستیانەوە بۆ گوندی (تسارسکۆی سیلۆ) ی، نزیک شاری پتروسبورگ. ئەخماتوڤا تا تەمەنی شانزە ساڵی، لەوێ مایەوە، هەر لەوێ بە هۆی ئەو کتێبی ( ئەلف بێ ) ە وە، کە ڕۆماننوسی ناوداری ڕوسیا ( لیف تۆڵستۆی) بە مەبەستی فێرکردنی خوێندنەوە و نوسینی زمانی ڕوسی، بۆ منداڵان داینابوو. پاش ئەوەی باوک و دایکی لەیەک جیابوونەوە. ئیدی لەگەڵ دایکی لە ساڵی ١٩٠٧دا ڕوودەکەنە شاری (کیف) . دواتر ئەخماتۆڤا لەم شارە خوێندنی ناوەندی تەواوکرد و ڕووی کردە دانیشگای باڵای ماف و بڕوانامەی ئەو دانیشگایەی بەدەستهێنا. لەو ژیاننامە کورتەی خۆی دا کە ئەخماتوڤا لەسەر داوای ئینسایکلۆپیدیایەکی بیانی بۆ شیعری ڕوسی نوسیویەتی، لەبارەی قۆناغی ژیانی لاوی خۆی دەڵێ: یەکەمین دەقی شیعریم لە گوندی (تسارسکۆی سیلۆ) ی کەناری شاری پترسبورگ لە تەمەنی یانزە ساڵی دا نوسی. ئاشنایەتی من بۆ شیعر بە شیعرەکانی پۆشکین یاخود لیرمۆنتۆف دەست پێناکات، بەڵکو بە قەسیدەکانی دەرجافین یان نیکراسۆف دەست پێدەکات، کە دایکم هەر لەغەیبەوە، شیعرەکانی ئەوانی لەبەر بوو…
ساڵی ١٩١٠ لەگەڵ شاعیری ڕوسی ( نیکۆلای گومیلیف) ژیانی هاوسەری پێکەوەناوە. گومیلیف وەک شاعیرێکی بەنامێی سەردەمەکەی، خاوەنی وەرشەی شیعری بوو، بۆ پێگەیاندنی شاعیرانی لاو. لە کاتێک دا کە سیمبولیزم لە قەیران دا بوو، گۆمیلیف و ئەخماتوڤا و هاوڕێ شاعیرەکانیان وەک ( ئۆسیپ ماندڵشتام، زەنکیفج و ناربۆت.. ) به ئومێدی تێپهڕاندنی سیمبولیزم، بانگەشەیان بۆ ڕێباز و تەوژمێکی شیعری نوێ، بە ناوی ( ئاکیمییزم: ترۆپکی ڕۆحیی) دەکرد. هەڵبەت جگە لەو ڕێباز و تەوژمە شیعرییەی ئەوان، لەو سەردەمەی ڕوسیادا، ڕێبازێکی دیکەش بەناوی ( ئافورییزم: پێشڕەوایەتی )ە وە لە ئارادا بوو، کە فلادیمیر مایاکۆفسکی، ماوەکی کەم بە یەکێک، لە شاعرە دیارەکانی ناسرابوو. ساڵی ١٩١٤ ئەخماتوڤا بۆ یەکەم جار کۆمەڵە شیعرێکی بەناوی (ئێوارە) وە بڵاوکردەوە، پاشان لە هەمان ساڵدا کۆمەڵە شیعری ( گوڵستان، یان باخی گوڵ) ی، بە چاپ گەیاند کە لەلایەن ڕەخنەگران و خوێنەرانەوە ستایش و پێشوازیی گەرمیان لێکرا. لە هەمان ساڵیش دا کوڕە تاقانەکەی ئەخماتوڤا (لیف گومیلف) لەدایکبوو، کە لە ساڵانی دواتر و لە سەردەمی حوکمڕانییەتی تۆقێنەری ستالین دا، چەندین جار دووچاری ڕاوەدوونان و دورخستنەوە و زیندانیکردن و سزادان بوەوە. ئەخماتوڤا لە سەردەمی باڵادەستی شۆڕشی کۆمۆنیزم و سەردەمی تۆتالیتاریزمی تۆقێنەری ستالین دا، گەلێ نەهامەتیی و ستەم و کارەساتی بینی . لە ساڵی ١٩٢١ بە تۆمەتی چالاکی لە دژی شۆڕش گومیلف ی هاوسەری لە لایەن دەسەڵاتدارانی شۆڕشی ئوکتۆبەرەوە دەستگیرکرا و دواتر لە سێدارە درا. پاشان لە سەردەمی باڵادەستی ستالین دا، هەم کوڕە تاقانەکەی و هەم هاوسەری سێیەمی و هەم خۆیشی بۆ ماوەی حەڤدە مانگ و هەم بەشێک لە هاوڕێ شاعرەکانی وەک ( ئۆسیپ ماندڵشتام، مارینا تسیفیتایڤا ) لە لایەن دەسەڵاتەوە دەستگیرکران و، هەردوو هاوڕێ شاعیرەکەی و هاوسەرەکەی تری و هەروەها هونەرمەندی ناوداری شانۆ مایەرهۆڵد، لە کامپەکانی گولاگ دووچاری چارەنوسێکی تراژیدی بوون و گیانیان سپارد. هەروەها ئەخماتوڤا هەر لەو سەردەمە ترسناکە دا، بە توندی گەمارۆدرا و سانسۆر خرایە سەر شیعرەکانی و بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕێگە بە بڵاوکردنەوە و چاپکردنی شیعرەکانی نەدرا. لەساڵی ١٩٤٦دا لە لایەن ڕاگەیاندنی ئەو سەردەمەی یەکێتی شورەوی یەوە کەوتە بەر هێرش و پەلاماردان، بۆ خۆی لە یەکێتی نوسەرانی وڵاتەکەی دەرکرا و، ئەدەبەکەی خرایە خانەی ئەدەبی تاکگەرایی و داڕمانەوە و خۆیشی وەک شاعیرێکی ڕەشبین و بەدبین ناسێنرا. بەتایبەتیی پاش ئەوەی (ژدانۆف)، وەک کەسێکی سەر بە دەسەڵات، کە ناوبانگێکی بەد و خراپی هەبوو، لە ڕاپۆرتێک دا، لە دژی ئەخماتوڤا ئیعترافی کرد. کاتێکش، لە ساڵی ١٩٤٩دا بۆ جاری سێیەم کوڕە تاقانەکەی دەستگیر کرا و دوور خرایەوە بۆ کامپەکانی مەرگ. مەترسی لەدەستدانی کوڕە تاقانەکەی، ئەخماتوڤا ی شاعیریان ناچار کرد لە ساڵی ١٩٥٠ چەند پارچە شیعرێک بۆ ستالین و دەسەڵاتەکەی بەناوی ( ستایشی ئاشتیی) ە وە، بڵاوبکاتەوە، بەو ئومێدەی دەسەڵاتداران کوڕەکەی نەکوژن و ئازادی بکەن. ئەخماتوڤا لە قەسیدە ناودارەکەی ( نوێژێ بۆ ئارامی گیانی مردوان) ، بەدرێژی و بە وردی ئەم ڕووداوە تراژیدی و ترسناکانهی، ئهو سهردهمهی وێناکردوون. سێ ساڵ دوای مەرگی ستالین ١٩٥٣ و لەسەردەمی حوکمڕانی نیکیتا خرۆشۆف دا، لە ساڵی ١٩٥٦ پاش ئەوەی لیژنە ناوەندیی پارتیی کۆمۆنیستی شورەوی، لە کۆنگرەی بیستەمی پارتەکەدا بڕیاری کرانەوەیەکی ڕێژەیی سیاسیی و فەرهەنگییان دەرکرد، کوڕە تاقانەکەی ئەخماتوفا ی شاعیر لە زیندان ئازادکرا و دواتر بووە مێژونوسێکی ناودار. ( ئۆسیپ ماندڵشتام) ی شاعیر کە لەسەر شیعرێک لە دژی ستالین ی ستەمکار دەستگیرکرا و دواجار کە دوورخرایەوە بۆ سیبریا، لە ڕێگادا بەهۆی نەخۆشییەوە، گیانی سپارد، ماندڵشتام ی شاعیر لە بارەی ئەخماتوڤا دەڵێ: ( ئانا ئەخماتوڤا ی شاعیر خاوەنی سەروەتێکی گەورەی شیعری ڕۆمانسییە، سەروەتێک کە لە هەموو میراتیی شیعری ڕۆمانسی ڕوسیا مەزنترە…) . ئەم ژنە شاعیرە بەو پەڕی ئازایەتیی و هێز و درەوشانەوە و بە نیگەرانیی داهێنەرێکەوە ژیا، کە شایستە بە ژنە شاعیرێکی مەزنە. شاعیرێک کە نەک خوێنەران و خوێنەرانی نەیاری، بەڵکو تەنانەت (ژدانۆف )ی جەللاد و سیخوڕیی سەر بە دەسەڵاتیشی ناچارکرد، کە دان بە جوانی شیعرەکانی دا بنێت، ئەوەتا لەو کاتەدا کە ژدانۆف ی زمان پیس بە دەم جنێو پێدانییەوە، دەربارەی دەڵێت: ( نازانم..ئەو لە هەمان کاتدا سۆزانی و پیرۆز و قەدیسیش بوو!. کە شیعرەکانی خۆی لە نێوان چەرچەفەکان و چرپای نوستنەکەی دا دەنوسیی…) . هەروەها دەکرێ باس لەوەش بکەین کە ئەخماتوڤا، لە بواری وەرگێڕانی شیعریش دا، بەهەمان شێوە، جێ دەستی دیاربووە و لە ساڵانی دوایی تەمەنی دا چەند کۆمەڵە شیعرێکی کلاسیک و کۆنی خۆرهەڵاتیی و بیانی وەرگێڕا و لە کۆتایی تەمەنی یان لە پاش مەرگی، لە دوتوێی کتێبی سەداکانی شیعر، یاخود بەناوی شیعری وەرگێڕدراوی خۆرهەڵاتی و بییانی یەوە، بەچاپ گەیشتن، لەوانە: “شیعری لیریکی کۆنی میسری ١٩٦٥” و ” شیعری کلاسیکی کۆری ١٩٥٦”..و ” شیعری بیانی ١٩٦٥” (شیعری کۆنی خۆرهەڵاتی ١٩٦٩” چاپ و بڵاوکرانەوە. هەروەها لەساڵی ١٩٦٤دا لە ئیتالیا خەڵاتیی ئەدەبی ( ئیتنا تاورمینا) ی وەک یەکێک لە ڕوخسارە ناودارەکانی شیعری سەدەی بیستەم پێ بەخشرا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە لایەن بەریتانیاوە بانگێشتکرا و دکتۆرای فەخری زانکۆی ئۆکسفۆردی پێ بەخشرا. ژمارەیەک لە شێوەکارانی سەردەمەکەی وێنەی کەسی: “پۆرترێتی”، ئەخماتوڤا ی شاعیریان کێشاوە، لەوانە: مۆدێلیانی و ئاڵتمان و سارایان و فۆدکین و ئەنینکۆف، هەروەها چەند مۆزیسیانێکی وەک: برۆکۆڤیڤ و لۆریا و ڤیرتینسکی. شیعرەکانیان کردووە بە گۆرانی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەک شاعیر دەربارەی جوانی و پایەی شیعری ئەم ژنە شاعیرە شیعریان نوسیووە. کە دواتر لە دیوانێک دا بەناوی “وێنەی ئەخماتوڤا” کۆکرانهوه و چاپ و بڵاوکرانەوە. ژنە شاعیری ڕوسی هاوڕێی، خاتو مارینا تسفیتایفا، لە قەسیدەیەکی دا، کە بۆ ئەخماتۆڤای نوسیووە، لە بەشێکی دا دەڵێت:
ئەی یەزدانی گریە، ئەی جوانترینی نێوان خواوەندانی قەسیدە
تۆ ئەی لە دایکبووی شەوێکی سپی سەرەڕۆ
گەردەلولە بەفرینەکەت دەنێریتە سەر پێدەشتەکانمان
هاوارە پەنگخواردووەکانت وەک تیر لە لەشمان ڕۆدەکەیت
دەسڵەمینەوە و ئاهێکی بێدەنگ لە زارمان دێتەدەرێ..و
هەزار جار سوێند بە تۆ دەخۆین ئەی ئانا،
ئەخماتوڤا! ئەم ناوەی تۆ حەسرەتێکی مەزنە و،
بەر دەبێتەوە بۆ نێو قوڵایی ناخی ئەوانەی کە ناوێکیان نییە!
( نوێژێ بۆ ئارامی گیانی مردوان )
( لە بری پێشەکی )
لە ساڵانی تۆقێنەری دادگاییکردنە ستالینیی یە، ترسناکەکان دا، من بۆ ماوەی حەڤدە مانگ، لە نێو ڕیزبەندی ژنانی دەستگیرکراوی، یەکێک لە زیندانەکانی “لینینگراد” دا زیندانی بووم، چونکە کەسێک بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە دژی من ئیعترافی کردبوو. جارێک لە یەکێک لە ڕیزەکان دا، ژنێک لە دوامەوە وەستابوو، کە پێشتر ناوی منی نەبیستبوو، لێوی شین هەڵگەڕابوو، لەبەر سەرما و ترسی زۆر، بە چپە _( کە لەوکاتەدا هەموان بە چپە دەدوان)_ لێی پرسیم: دەتوانی وەسفی هەموو ئەو شتە بکەیت، کە لێرە ڕوو دەدات؟
لە وەڵامدا گوتم: بەڵێ!
لەو کاتەدا شتێک وەک زەردەخەنە نیشتە سەر لێوەکانی ئەو ژنەی کە ڕۆژێ لە ڕۆژان، ڕوخسارێکی هەبوو.
لینینگراد
یەکی نیسانی ١٩٥٧
( پێشکەش)
لە بەردەم ئەم ئازارانە دا، چیاکان، بەو مەزنییە دەچەمنەوە
ڕووبارە گەورەکان لە ڕۆیشتن دەکەون
بەڵام دەرگاکانی زیندان هەر سەقامگیرن
کە لە پشتیانەوە “ئەشکەوتەکانی نەفیکردن” و
گۆشەگیری و دابڕانێکی بکوژ بوونی هەیە.
لەپێناو مرۆڤێک دا، بای پڕ لە ئاونگ هەڵدەکات
لە پێناو مرۆڤێک دا، شەفەق پەمەیی هەڵدەگەڕێت
ئێمە هیچ نازانین، مەسەلەکە بۆ ئێمە وەک یەکە
ئێمە جگە لە دەنگی قوفڵەکان گوێمان لە هیچی تر نییە
کە بەهۆیانەوە، کاتی نوستن دەرگاکانمان لەسەر دادەخەن
جگە لە هەنگاوی قورسی پاسەوانانی زیندان هیچی تر نابیستین.
بەرەبەیان لە خەو ڕابووین،
وەک ئەوەی پێویست بێت، کە بچین بۆ نوێژی بەیانی
پایتەختە چۆڵەکەمان بڕی و تێپەڕین
لەوێ وەک مردوان، بەیەک گەیشتین
خۆرەکە نزم بوو، ڕووباری “نیڤا” ش، تەماوی دیاربوو
لە دورەوە ئومێد گۆرانی دەچڕی
کتوپڕ..
بڕیارەکە دەرچوو
فرمێسکەکان لە گلێنەکان ڕژان
وەک ئەوەی ژیان لە دڵ هەڵکێشرابێت
وەک ئەوەی مرۆڤ خۆی بە شتێک دا، دابێت
بەڵام ئەو بەسەر خۆیدا چەمابووەوە.. بە تەنیا
کوان ئەو ژنانەی کە بە ناچاری بوومە هاوڕێیان
لە ساڵانی دەستگیرکردنم دا؟
خەون بە چییەوە دەبینن، ئەمێستا لەو گەردەلوولەی سیبریا دا ؟
چ شتێکیان دێتە پێش چاو کاتێک مانگ وەک دەمە داس دەردەکەوێت؟
کەواتە سڵاوی ماڵئاوایی بۆ ئێوە ئەی هاوڕێیانم.
ئاداری ١٩٤٠
( دەروازە )
ئەمە لەوکاتەدا بوو، کە مردووەکە زەردەخەنەی کرد
کە شادییەکی ئارامی پیشان دا
ئەو کاتەی کە زۆربڵێییە بێگەردەکەی
ئەویان بەرەو زیندانێکی لینینگراد ڕاپێچ کرد
کاتێکیش بەهۆی سزادانەوە شێت بوو،
بەرەو کامپە دورەکان نەفیکرا
کاتێک فارگۆنەکان بە فیتو گۆرانی ماڵئاواییان بە بەرزی چڕی
بەسەرمانەوە ئەستێرەکانی مردن، بەرزتر بوونەوە
لەوکاتە دا ڕوسیا بە ئازارەوە، دەتلایەوە
لە ژێر پاژنەی ئاسنینی خوێناوی و
لە ژێر شیشەبەندی فارگۆنەکانی “زەمهەریری ڕەش” دا،
کە دەستگیرکراوانیان دەگواستنەوە.
(١)
لە بەرەبەیان دا، بردیانیت،
منیش کەوتمە دوات، وەکچۆن مرۆڤ دوای جەنازەیەک دەکەوێت
منداڵان لە ژوورە تاریکەکە دا، گریان
لە کاتێک دا مۆمەکان لە تابلۆی قەدیسەکان دا، داگیرسان
ساردوسڕی ئایکۆنەکان لە سەر لێوەکانت ..
ئارەقی ساردی مردنیش بەسەر نێوچەوانتەوە بوو
کەواتە وەک یەکێ لە ژنانی “ستریلشی”* م، لێهاتووە
ئەوانەی کە سەدای گریانیان لە نزیک دیوارەکانی کرملین بەرز دەبووەوە
١٩٣٦
*ستریلشی: سەربازە ڕم بەدەستەکانی ڕوسیا بوون، لە سەدە کۆنەکان دا.
(٢)
بە هێمنی ڕەنگی ئارامی تێدەپەڕێت و
مانگە زەردەکەش دێتە ماڵەکەم
مانگ بە کڵاوێکی لارەوە دێتە ژوورەوە و
تاریکی دەبینێت..
ئەمە ژنێکی تەنیایە
هاوسەرەکەی لە نێو گۆڕە و کوڕەکەشی لە زیندانە
کەواتە لە پێناو من دا نوێژ بکەن.
(٣)
نا ئەوە من نیم، بەڵکو یەکێکی ترە
ئەوەی کە ڕوویدا پێویستە بە ملپێچێکی ڕەش داپۆشرێت و
شەوانەش گڵۆپەکان بڕازێنرێنەوە
(٤)
حەز دەکەم بتناسم ئەی ژنە گاڵتەجاڕەکە
ئەی خۆشەویستی هەموو هاوڕێیان..
ئەی گوناهبارە، شادەکەی “تسارتسکۆ سیلۆ”..
چی بووە گێژەڵووکە بۆ ژیانت؟
وەکچۆن لەگەڵ دیارییەکەت سێسەد کاتژمێر ڕاوەستایت،
لە بەردەم خاچەکەش دا ڕادەوەستیت
تاکو بەهۆیەوە بەفری شەوی سەری ساڵ ببەزێنیت
وەکچۆن سورەچنارەکەی لای زیندان، خۆی خۆی دەلەراندەوە..
بەبێ دەنگی…
چەند ڕۆحێک لەوێ دەکێشرێن!
(٥)
حەڤدە مانگە هاوار دەکەم
بانگی تۆ دەکەم، تاکو بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە..
خۆم دەخەمە بەر پێی جەللادەکە
تۆ کوڕی منی.. تۆقینی منی تۆ..
جیهان خۆی خستووەتە نێو فەوزا..
من هیچ وێنەیەکی ڕوون شک نابەم
کێ بووەتە دڕندە و کێهاش وەک مرۆڤ ماوەتەوە؟
ئایا پێویستە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ چاوەڕوانی ساتی لە سێدارەدان بکەم؟
داخۆ گوڵەکان بەتەنیا نێژراون ؟
ئایا دەنگەکان، بۆنی بوخوردەکانیان گرتووە؟..داخۆ هەیانە، پاشماوەیەک؟
بۆ کوێ؟.. ئەوەی کە (بۆ کوێ) ییەکی نییە!..
لە قووڵایی چاوانمدا ڕاستەوخۆ و
لەوێ لە نزیک کۆتاییەوە..
ئەستێرەیەکی مەزنم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرتووە.
(٦)
بەسوکی هەفتەکان دەفڕن،
چی ڕویداوە؟..نازانم..
هەواڵت چۆنە کوڕکەم لە زیندان؟
ئایا شەوانی سپیتان بینیووە؟
سەرلەنوێ شەوەکان چۆنن؟
ئەوان بە نیگای هەوکردوو و توڕەوە،
لەبارەی خاچە بڵندەکەت و
لە بارەی مردنتەوە دەدوێن!!
١٩٣٩
(٧)
(بڕیاری دادگا)
وشە بەردینەکە کەوتە
سەر سینەم ، کە هێشتا لێدەدات
هیچ ستێ..من پێشبینی ئەمەم کردبوو:
بۆیە بە شێوەیەک ڕووبەڕووی دەبمەوە..
ئەمڕۆ کاری زۆرم هەیە..
پێویستە کۆتایی بە یادەوری بهێنم..
پێویستە ڕۆح ببێتە بەرد..
پێویستە سەرلەنوێ درێژە بە ژیان بدرێتەوە
نەخێر ..نا، بۆ پاڕانەوەی گەرمی هاوینیی..
یاخود بۆ جەژنەکانی بن پەنجەرەکەم..
ڕۆژێکی ئارام و..ماڵێکی چۆڵ..
هاوینی ١٩٣٩
(٨)
( بۆ مردن..)
مادەم کە هەر دێت..بۆچی ئێستا نایەیت؟
من چاوەڕێتم..ماندووم من..
چراکانم خامۆش و دەرگاکانم بۆ خستوویتەتە سەر پشت.
ئەی سادە و ساکار و ئەفسووناوی..
لە پێناو هاتنی تۆدا شێوەیەک لە خۆ دەگرم
وەک فیشەکێکی ژەهراوی وەرە و کوناودەرم بکە..
یاخود بە ناو شیشەبەندەکان دا، وەک بکوژێکی شارەزا وەرە ژورێ
یان وەک ئەفسانەیەک کە خۆت دەیخولقێنی ..
بەڵام بۆ هەموان تا ڕادەی هێڵنج دان ناسراوە.
با چاوم لە لێواری کڵاوە شینەکەت بێت.
پاسەوانی باڵەخانەکەش ببینم کە زەرد هەڵگەڕاوە و تۆقیوە
چونکە هەموو شتێک وەک یەکە ئەمێستا،
دەدرەوشێتەوە ئەستێرەی جەمسەریش ..
چاوانی خۆشەویستانم بە تیشکی شین دەدرەوشێنەوە
ئازارەکانی ئەم دواییەی منیش بەرزدەبنەوە..
١٩ئابی ١٩٣٩
(٩)
دێوانەیی بە باڵەکانی نیوەی ڕۆحمی داپۆشی
ئەوکاتەی شەرابی ئاگری نۆشی..
فڕێیدامە نێو دۆڵەکانی تاریکی..
درکم بەوە کرد
کە پێویستە دەستبەرداری سەرکەوتن بم بۆ ئەو
گوێ لە شتەکانی خۆم بگرم،
وەک ئەوەی گوێ لە وڕێنەی غەریب بگرم
چون ئەو ڕێگە بە هیچ کەس و هیچ شتێک نادات.
ئەو منی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە..
( وەک چۆن زۆر لێی پارامەوە
لە پێناو ئەوەدا )
چاوانی ترساوی کوڕەکەم نەبوون
کە داگیرابوون بە ئازار..
ئەو ڕۆژەش نەبوو کە ئاسمان دەیگرماند و..
ساتیی سەردانی زیندانیش نەبوو..
سەر شانە ناسک و ساردەکانیش نەبوون..
ئەو پێڵوانەش نەبوون کە لە نێو تاریکی دا دەلەرزین..
دەنگە هێواش و ..دورەکەش نەبوو، نا
بەڵکو وشەکان بوون،
تەنیا ئەوان دواهەمین سەبووری بوون.
٤ حوزەیرانی ١٩٤٠
(١٠)
لە خاچدان
” بەسەرم دا مەگری دایە..
من لێرە لە ناو گۆڕدام ..”!
_
کۆرسی فریشتەکان هاتنی قیامەتییان پیرۆزکرد
ئاسمانیش دەرگاکانی ئاگری خستە سەر پشت:
لەگەڵ باوکی دوا و گوتیی:
بۆچی بەجێتهێشتم..
پاشان ئاوڕیدایەوە بەلای دایکی دا و گوتیی:
” ئاه.. بەسەرم دا مەگری..”
_
مەریەمی مەجدەلی دەگریا و دەلەرزی…
ئازیزترین شوێنکەوتوانی بوونە بەرد..
لەوێ، لەو جێیە بوو کە دایکەکە بەبێ دەنگی لێی وەستابوو
بۆیە کەس نەیوێرا تەماشای بکات!
“١٩٣٠_١٩٤٣”
( کۆتایی )
(١)
بینیم چۆن ڕوخسارەکان تێک دەشکێن
ترسیش چۆن لە ژێر پێڵوەکانەوە دەڕوانێت
چۆن نوسینێکی بزماری لەسەر لاپەڕەکان
ئازار لەسەر کوڵمەکان هەڵدەکەنێت..
چۆن تاڵەکانی پرچ
کتوپڕ وەک زیو دەدروشێنەوە
پاش ئەوەی ماش و برنجی هەڵدەگەڕێن!
چۆن زەردەخەنە لەسەر لێوە داخراوەکان
هەڵدەوەرێن..
چۆن ترس خۆی لەناو،
پێکەنینی وشک دا دەلەرزێت…؟
لە کاتێک دا من نوێژم دەکرد، نەک بۆ خۆم بە تەنیا،
بەڵکو بۆ هەموان..و
بۆ هەموو ئەوانەی کە لێرە لەگەڵ مندا وەستان
لەبەر سەرمای کوشندە و گڕەی تەموز.. و
لە کن دیوارە کانزاییە سورهەڵگەڕاوەکان.
(٢)
جارێکی تر ساتی بیرکەوتنەوە نزیک بوەوە..
من دەبینم، گوێم لێیە، هەستتان پێدەکەم:
تۆ ئەی ئەوەی بە پاڵ بەرەو لای پەنجەرەکەت دەبەن،
تۆش ئەی ئەوەی جارێکی تر پێیەکانت ناخەیتەوە سەر زەمین.
پاشان تۆ ئەی ئەوەی سەرێکی جوان و لەرزیوت هەیە،
ئەی ئەوەی پێت گوتم: ” من لێرە، وەک ئەوە وایە لە ماڵەوە بم “.
حەزدەکەم ناو لە هەمووتان بنێم..
بەڵام ئەوان لیستیی ناوەکانیان ڕفاندن..بۆیە داوای لێبوردن دەکەم
مل پێچێکی پانم بۆ چنیون،
لە وشە ڕەنگ زەرد و بێنەواکانتان..
لە یادمدان هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە..
هەتا لە مەرگەساتیی داهاتوومدا هەر لە بیرمدان.
لەبیریان ناکەم، هەتا گەر زاری تاڵیشم دابخات..
ئەوەی کە دەقیڕێنێ بەسەر ملیۆنەهای گەل دا..
با ئەوانیش من لە بیر نەکەن..
گەر ئەم ئێوارەیە ببێتە ڕۆژی ناشتنم ..
گەر ڕۆژێ لە ڕۆژان ویستیان پەیکەرێکم بۆ دابنێن،
با لە نزیک دەریا. لەو شوێنە دایبنێن، کە لە دایکبووم..
نەک لە باخچە سیزارییەکە، کە زەلکاوەکەیان تێدا سەرگرت..
بۆ ئەوەی بەڵێنەکانم نەشکێن..
تارماییەک هەیە هەموو دەرکەیەک بە دوای من دا دەگەڕێت
بەجۆرێک من لە ترساندا هەڵدەلەرزم ..و پێمخۆشە بمرم..
حەزدەکەم فارگۆنەکانی “زەمهەریری ڕەش” لە یاد بکەم..
بیرم بچێتەوە لە دەرگا دانی دزێو و ناشیرین..و
سەدای گریانی ئەو پیرەمێردە، کە وەک سەدای ئاژەڵێکی بریندار وابوو..
واز لەو گلێنە بێ جوڵە و بە بەردبووانە بێنە ..
با گمەی کۆتری زیندان لەدوور و ..دورترەوە بێت..
با کەشتییەکان لە ڕووباری ” نیڤا ” دا، بە ئارامی بێن و بڕۆن..
مارسی ..١٩٤٠
*سەرچاوە: انا اخماتوفا: قداس جنائزي و قصائد اخرى..ت: برهان شاوي..ل19..و
لاپەڕەکانی دواتر>>چاپی یەکەم..٢٠٠٣