بەزمانێکی دیکە جگە لە تۆ بوومە با
ن: یوونس رەزایی
.
دار،
ئاو،
ئەو ساتەی زوڵاڵ لە گوێن خەفەتی من،
خۆر،
بە هەموو مەدارە روونەکانییەوە
زمانی زکماکی منن.
.
دەدوێم بە راوێژی ترێ
دەپەیڤم بە بن زاری ئاو
ویرەم دێ، لە رەگەزی مەدارێک
دەدرەوشێتەوە هەنگاوی.
.
تۆش زمانی دایکیی منی!
ئاو، یانی تۆ!
دارستان، چ واتایەک جگە لە بسکت؟
جوانیی
کام پیتی بەدەر لە وشەکانی نیگاتە
کە دەڕژێتە تاریکاییمەوە؟
.
رووناک بوومەوە بە دێڕت
ئەو کاتەی، کە زمانم ناوی تۆی هێنا
مانگ لە دەمم دا پشکوتبوو ئەو دەمەی
باسی ساماڵی دەستەکانی تۆم کرد
.
کتێبەکان، هەموو بە ناوی تۆوە پیرۆز دەبن و
بە یادی تۆ
دەگەنە دێڕی کۆتایی
بەناوی سێ پیت بە زمانی رەسەنی شاخی
.
وانەکان بوونەتە ئێستات
بە مێژووی دوێنێتەوە سبەینێن.
.
خاک یەک بەشە و
سێ پیت لە من
دار یەک بەشە و
سێ پیت لە قووڵایی خاک دا
ئاو سێ پیتە و
بەشێک لە باڵای هەرچی تینوێتی زەمان
.
دەنگ بدەوە لە زارم دا
ئەی کچی وڵاتی سوورم!
سێ پیت نا
هەزار پیت گەڵای گۆرانیتە.
رەنگ بدەوە لە شێعرم دا
ئەی وشەیەک لە هەمیشەی مانەوە!
کۆلکەزێڕینە ریشاژۆی لە ئەوکت دا.
.
بە زمانی خۆت کە دایکی چرکەکانمە
کاتژمێرەکانم پڕ بکە لە وادەی فڕین
.
وەرگێڕی خەمی تۆ نابم
راستەوخۆ دەڕژێیە خوێنم
تۆ زمانیی دایکیی منی و
تەنیایی زکماکی ئێستام
.
بستێک لە هەمیشەت دەژیم
چادرێک لە سەر رێگاکانت هەڵدەدەم
پاڵ دەدەم بە گابەردێکتەوە و
خۆم لە تۆ موتوربە دەکەم
ئەی بستە خاکێک لە هەمیشەی نیشتمان!