تاوانێكی ترسناك
مێهرنوش مەزارعی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: رەفعەت مورادی
قەد باوەڕم پێناشكێ كێشەیەكی بەم ساناییە دواجار وایلێبێت، كێشەیەك كە لەسەرەتادا بە نیگایەكی سانا و ئاسایی دەستیپێكرد، كەچی دواتر رشیشەی داكوتا و جیدی و جیدیتر بوەوەو دواجار ئەوەی نەدەبا ڕووبدا، ڕوویدا و ئەم تاوانە دڵتەزێن و ترسناكەی لێكەوتەوە
ئەستەمە بەیادی بێنمەوە كێمان دەستپێشخەر بوو، ڕەنگە نیگای یەكەم لەمنەوە دەستیپێكرد كە سەیری ئەوم كرد، ئەڵبەتە زۆریش دڵنیا نیم، لەوانەشە ئەو دەستیپێكردبێت ….بەڵام لە ڕاستیدا گرنگە بزانین چ كەسێك دەسپێشخەری كرد ؟
سەرەتا تەنیا بۆ چركەیەكی كورت نیگاكانمان تێكەڵی یەكبوون، بەڵام وردە وردە ماوەی لێك تێڕامانمان زۆرتر و زۆرتر بوو، تائەوەی ڕۆژێك بۆم دەركەوت چاوەكانی شتێكم پێدەڵین، شتێكی باش و جوان كە بە هەموو خانەكانی لەشمەوە هەستم پێدەكرد، پاشان هەموو لەشم كەوتە جۆش و خرۆشەوە ، لێدانی دڵم توندتر بوو و كوڵمەكانم گەشانەوە، ئیتر لەو كاتەوە بوو رۆیاكانم دەستیان پێكرد.
چاوم دەنووقاندو دەمبینی لەشوێنێكی بەرزداو لەناوەڕاستی پەرستگایەكدا دانیشتووم و تەماشای دەوروبەری خۆم دەكەم، لەدەوروبەرمدا هەڵمێكی بۆنخۆش و چڕ بەرز بوەوە، بەمەش لەشم ئەوەندە سووك دەبوو كە وامدەزانی دەتوانم بفڕم .
پاش ماوەیەكی كورت بۆنی لەشی تێكەڵی نیگاكانی بوو، كاتێك لەتەنیشتمدا تێدەپەڕێ بۆنێكی سەیر لەلەشیدا بەرز دەبوەوە كە لە هیچ بۆنێك نەدەچوو، سەرەتا وامزانی بۆنی “كڵۆنیا “ی ئەوە ! لەو كڵۆنیایانەی كە كۆن بوونە و عەترەكەیان لەدەستداوە، پاشان بۆمدەركەوت كە بۆنەكە وەحشیتر و بەهێزتر لەهەر “كڵۆنێایەكی”تر، هەم لووتمی دەسووتاندو هەم بۆساتێك دڵی تێكدەدام و هەستێكی باشی لەلەشمدا دادەنا، رۆیاكانیشم گۆڕدران، ئیتر پاش ماوەیەك كە لەسەر ئەو بەرزایەدا دادەنیشتم و دەمامەوە، دەرگای پەرستگاكەی بە هێواشی بە ڕوومدا دەكردەوە و دەهاتە ژوورەوە، بە قادرمەكاندا لەسەرخۆ دەهاتە سەرەوە، تاجەگوڵینەیەكی جوان و بۆنخۆشی دەنایە سەرسەرم، لەلام دادەنیشت و چاوی دەبڕییە نێو چاوانم، دەستمی دەخستە نێو دەستانی و دەیگوشی، دوایی لێوی لەقاچم نزیك دەكردەوەو یەكبەیەكی پەنجەكانی پێمی ماچ دەكرد!؟ بەدوای رۆشتنی تا ماوەیەك لە خۆشیدا نەمدەتوانی لە سەر جێی خۆمدا بگرسێمەوە ؟ لەسەر سەكۆكەدا دەهاتمە خوارەوە و لەشم تاو دەدەا و بە ریتمی هەنگاوكانمەوە هەموو سوچێكی پەرستگە دەگەرام و بە ژێر لێوەوە گۆرانیم دەوتەوە
لەبێداریدا هەركاتێك لەتەنیشتمدا تێدەپەڕی هەستم دەكرد جەستەمان بە نەرمی لەیەكتر نزیك دەبێتەوە، دیسانەوەە دڵم توند توند لێی دەدا و هەناسەم توندتر دەبوەوەو حەزم دەكرد گۆرانی بڵێم
ڕۆژێكیان كاتێك ڕۆشتبووم بۆلای كتێب فرۆشییەك، كارت پۆستاڵێك سەرنجی ڕاكێشام،كارت پۆستاڵێكی ڕەش و سپی لەژن و پیاوێك كە یەكتریان لەئامێز گرتبوو، ژنەكە دەستی لە ملی پیاوەكە گرێدابوو و لێوی خستبوو نێولێویەوە، پیاوەكەش لەكاتێكدا باوەشی پییاكردبوو، بەجۆرێك بەخۆیەوە نووساندبووی كە دەتوت یەك جەستەن! لە ژێر وێنەكەشدا بە خەتێكی جوان وناسك نووسرابوو
I found true love in your hands
بۆ چەند خولەك چاوم بڕیبوە كارت پۆستاڵەكە، بیرم چووبۆوە لەكوێم و بۆچی هاتوومەتە ئەوێوە، دڵم دەستیكردوە بە لێدان و هەناسەم سوار بوو، ئەو بۆنەو ئەونیگایەم دووبارە هەست پێكردەوە، كارت پۆستاڵەكەم كڕی و هێنامەوە ماڵەوە و لەسەر مێزی خۆڕازاندنەوەی بەرانبەر سیسەمەكەمدا دامنا، ئەوشەوە كاتێك كەهاتە ژوورەوە، جلە درێژە حەریرییەكانم لەبەر كەند و تاجەگولێنەكەشم بە سەر سەرمەوە لابرد، قژم بە سەر شانوملمدا بەرەڵا كردو لێوم خستە ناو لێوی و دەستم كردە ملی، لە كاتێكدا دەستی ئەڵقەكردبوو بەدەوری كەمەرمدا، بەجۆرێك نووساندمی بەخۆی جەستەمان ئامێتەی یەكبوو! ئەم چیرۆكە تا ماوەیەك هەر بەوجۆرە بەردەوام بوو، چاومان دەبڕییە چاوی یەكترو بۆنی یەكترمان دەكرد، دواتر خەونیم دەبینی، كارت پۆستاڵەكەش بەهەمان جوانی جارانەوە لە سەر مێزەكەم بوو؟ ئیتر ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتر هەستم بە نزیكایەتیی دەكرد، بە هەموو توانامەوە دەمویست لە ئامێزی بگرم و ماچی بكەم، ئارەزووم دەكرد پێكەوە برۆشتاباین لای وێنەگرێك و وێنەیەك وەك ئەو وێنەیەی سەر كارت پۆستاڵەكە بگرین! دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر و لە شەقامەكاندا بە دەم رۆشتنەوە سەما بكەین
ڕۆژێكیان كاتێك بەتەنیشتمدا تێدەپەری، هەر بەوجۆرەی كە جەستەمان لێك نزیك دەبوەوە و چاومان بڕیبوو لەچاوی یەكتر، دەستم برد بۆدەستی و دەستەكانیم گرت، هەركە پەنجەكانمان خستە ناو پەنجەی یەكترەوە ئەڵقەی ساردو زەردرەنگی نێوپەنجەكانمان بەریەك كەوت! زریانێكی سەرسورهێن هەڵیكرد ! دوروبەرمان تاریكی دایپۆشا، سەرمایەكی زۆردایگرتم و رێژنە بارانێك لەبەردی تێژ لە هەموولایەكەوە بە سەرماندا باری! زەبری ئەوبەردەبارانە بەڕادەیەك بوو هەموو لەشمی ئازاردا و شینی و ئاسەواری كوترانی بۆماوەیەك مایەوە، دوای ئەوە هەركاتێك دەچووم بۆلای زریانەكە دیسانەوە دەستیپێدەكردەوە و دنیا دەبووە شەوەزەنگ، وردە وردە بۆنی خۆشی لەشی تێكەڵ ببوو لەگەڵ هەست كردن بەئازار و دڵە ڕاوكی، ئەمەش شیرینی نیگاكان و شادی نزیك بوونەوەی لەبیر بردمەوە
پێموانەبوو بینینی تا ئەو ڕادەیە ئازاری بەدواوەیە، هەرزوو تووشی دڵگرانی و نائۆمێدی بووم و هەموو كاتێك دەگریام، كاتێك دەمبینی خۆم لێی لادەداو بەرەو شۆینێكی تر دەڕۆشتم و لەدوورەوە سەیرم دەكرد!، چیتر ئەوشادی و گۆرانی وتنە و ترپەترپەی دڵم باسی نەمابوو، خەونە خۆش و لەزەت بەخشەكان ئەوەندە لێم دوور كەوتبوونەوە وەك بڵێی چەند سەدەیەكییان بەسەردا تێپەڕیوە، پەرستگا جوان و رۆیاییەكەم ببوو بەقەڵایەكی تاروتاریك! وەك دیوارێكی بەردینی لێهاتبوو، شوێنە بەرز و بڵندەكەشم ببووە چاڵێك و تاگەردن كردبوومی ژێر خاك و خۆڵە ساردو گڵرەنگەكەیەوە؟ ڕۆژێكیان لە ژوورەكەمدا تاك و تەنیا دانیشتبووم و لەئاوێنەدا سەیری قەڵافەتی خەمینی خۆمم دەكرد، سەیرمكرد رەنگی كارت پۆستاڵەكەم زەرد بووە و قەراخەكانی لار بوونەتەوە، ژنەكە خەریكبوو وردە وردە لەناو كارت پۆستاڵەكەدا دەسڕایەوە، ئیتر لەوكاتەوە زانیم مەسەلەكە جیدییە و دەبێ بیرێكی لێبكرێتەوە، ئەو شەوە پاش ماوەیەك دووبارە لەرۆیاكانمدا بینیمەوە ؟! تاجە گوڵینەكە لەسەر سەرم سیس و ژاكاو ببوو وگوڵەكانی زیاتر وەریبوون، بۆنێكی ناخۆش لە هەڵمەكانەوە بەرز دەبوەوە، بە جۆرێك كەدڵم تێكدەچوو، جلە حەریرەكانم دڕابوو و ڕەنگە سپییەكەی ڕەنگێكی زەردی چڵكنی لێنیشتبوو، هەستم بە تەنیایی دەكرد و بێزاڕ بووم لەخۆم، دەرگای پەرستگاكەی بەڕوومدا كردەوە وبەرەو ڕووم هات، نیگایەكی قووڵ و پرَ لەعەشق و خۆشەویستیم بە سەرتاپێیدا خشاندو داوام لێكرد لەدەرەوەی رۆیاكانەوە یەكتر ببینین، لەریستۆرانێتێكی نزیك شوێنی كارەكەم كە شوێنێكی بوو قەرە باڵغ وهات وچۆی زۆری لەسەر بوو، مەوعیدمان دانا، نیوەڕۆ دروست ئەوكاتەی كە دەستنیشانمانكردبوو هات، قاتێكی جوانی كە بە باشی دوورابوو لەبەر كردبوو، زۆر لێیدەهات، بەڵام بۆنی ئەدكۆڵۆنەكەی وەك بۆنی خۆی نەبوو و هەستێكی لەلام دروست نەدەكرد، بە ئەدەب و رێكوپێك لەبەرانبەرمدا دانیشت و لیستی خواردمەنییەكانی سەیر كرد، پاش چەند دەقەیەك هەردوكمان یەكجۆر خواردەمەنیمان سفارش كردو لیستەكەمان وەلا نا، زۆر لە نزیكمەوە دانیشنبوو، لەسەیر كردنی چاوەكانی و دەست خستنە ناو دەستی دەترسام ! دڵنیا بووم ئەویش سەیری من ناكات، چونكە ئەگەر سەیری بكردابام، كاتێك چەقۆكەم هەڵگرت و لەسەرخۆ و بێ شڵەژان كردم بە ناو دڵیدا دەیبینیم ؟ كەچەقۆكەم دەرهێنا خوێن بە فشارەوە پژا لەدەم و چاوم؟! كاتێك بە دەستماڵی سەر سفرەكە خوێنەكەم دەسڕی، دروست لەوكاتەدا چاوم كەوت بە چاوانی، دووبارە بەهەمان شیرینی و جوانی جاران سەیری دەكردم، دەستماڵەكەم داناو لەریستۆرانیتەكە هەڵهاتم، چەند خولەك بەبێ بەرنامە و بە سەرگەردانی لەو دەوروبەرەدا پیاسەم دەكرد، پاشان بە یادی ئەو وێنەیە و ئەو پەرستگایە و ئەو شوێنە بەرزەو ساتە خۆش و پڕجۆش و خرۆشەكانیی جارانمان بە رقەوە دەستمكرد بە ڕاَكردن، سەرتاسەری ئەورێگایەم بە ڕاكردن دەبڕی، كاتێك گەیشتمە ماڵەوە، چەقۆكە هێشتا لەدەستمدا بوو و جلەكانیشم فیسابوون لەخوێن و ئەسرین! چەقۆكەم فرێدا و لە سەر سیسمەكەمدا ئەوەندە گریام تا خەو بردمیەوە ! پاش ئەو ڕووداوە بۆ ماوەیەكی زۆر خەونێكم نەبینی ! تا ئەوەی جارێكیتر بۆنی ئەو بۆنەدڵرەفێنە و ئەو نیگا سێحر ئامێزە لە شوێنێكی تردا و بە شێوازێكی جیاواز تووشم بوەوە!