تراژدێیای جەستە، توندوتیژی دژی ژنان
رانانی: مستەفا زاهیدی
خەتەنە کردنی کچان و ژنان وەک فۆڕمێک لە توندووتیژی خێزانی، زۆر جار لە لایەن چالاکانی بواری مافەکانی ژنانەوە قسەی لەسەر کراوە و ھەوڵ دەدرێت کۆمەڵگا لە ئەنجامەکانی ئەم فۆڕمە لە توندووتیژی ئاگادار بکرێتەوە. چالاکانی کۆمەڵایەتی و بە تایبەت چالاکانی بواری ژنان بە شێوەی جیاواز ھەوڵیان داوە کۆمەڵگا لە ئەنجامە خراپ و نەرێنییەکانی خەتەنە کردنی ژنان ئاگادار بکەنەوە. یەکێک لەو بەرھەمانەی کە وەک کتێب دەربارەی توندووتیژی دژی ژنان و خەتەنە کردنی ژنان لە ئێران و کوردستان ئامادە کراوە، کتێبی ” تراژیدیای جەستە، توندووتیژی دژی ژنان” لە نووسینی فاتمە کەریمییە.
لەم کتێبە دا باس لە بەربڵاوی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان کە بە درێژایی مێژوی مرۆڤایەتییە کراوە و وتراوە کە توند و تیژی و ھێرش بۆ سەر ژنان لە چین، نەژاد، نەتەوە، تەمەن و ئایینزا و جۆری باوەڕە ئایدۆلۆژییەکان بەرتەسک نەبووەتەوە. ئەم دیاردەیە بە گشتی لە ھەموو سنورەکان پەڕیوەتەوە و بە شێوازی جیاواز ئەنجام دەدرێت. ھەرچەند دەتوانین بڵێن توند و تیژی بەرانبەر بە ژنان، دیاردەیەکی جیھانییە بەڵام بڕێک لە شێوەکانی توند و تیژییەکان بە پێی تایبەتمەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان ھەر شوێن و جێگەیەک جیاوازی ھەیە. پێچەوانەی کۆمەڵێک لە شێوازەکانی توند و تیژی بەرانبەر بە ژنان کە تا رادەیەک دەکرێت بڵێی لە ھەموو جیھان بە شێوازێکی بەربڵاو بەرین و یەکسان ئەنجام دەدرێت(توند و تیژی ناوماڵ) بەڵام کۆمەڵێک لە شێوازەکانی توند و تیژی، تایبەت بە ناوچەگەلێکی دیاری کراوە کە گشت گیر نییە و بە پێی جۆری کەلتور، داب و نەریت، لقەکانی ئایینزایەکی تایبەت و … ئەنجام دەدرێت(رێورەسمی ساتی لە ھندستان، بەستنەوەی لاقی کچانی چینی لە تەمەنی منداڵی، بڕینەوەی قیتکەی ژنان یان وەک لە ناو خەڵک باوە خەتەنە کردنی ژنان و …)
لەم کتێبەدا نوسەر ھەوڵی داوە کە تیشک بخانە سەر کردوەی لێکەندنەوەی بەشێک لە جەستەی ژنان “کیلتوریس” کە یەکێک لە جۆرەکانی توند و تیژییە و تایبەت بە دەڤەرێکە. کەم و زۆر زیاتر لە بیست ساڵە کە ئەم کێشە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیدا باسی لە سەر کراوە و لەم بوارەدا لە سەر ئەو بابەتە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆر ئەنجام دراوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم کردەوەیە لە ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەش ئەنجام دراوە بەڵام لەم بابەتەوە ھێشتاش خوێندنەوەیەکی رۆشنکارانە ئەنجام نەدراوە. ئەم کتێبە بەرھەمی توێژینەوەیەکە کە لە ساڵی ١٣٨٧ی ھەتاوی لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەنجام دراوە و ناوئاخنەکەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەزمونی ئەو ژنانەی لە خۆ گرتووە کە کردەوەی قیتکە بڕین لە سەریان ئەنجام دراوە و تێیدا سێ تەوەری سەرەکی لە پێنج بەش دا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە.
بەشی یەکەم کە پاش پێشەکی کتێبەکە ئاماژەی پێ کراوە، لێکۆڵینەوە لە سەر کردەوەی بڕینی قیتکەی ژنان و جۆرەکانێتی، توێژینەوە لە سەر چەمک و دەستەواژەیەک کە قووڵاییی ئەم کردەوەیە باشتر پیشان دەدات (چەمکێک کە بۆ باس کردن لە سەر ئەم کردەوەیە لە نێو خەڵکی جێگەی خۆی کردوەتەوە، خەتەنەی ژنان)ە. بەڵام دەبێ بوترێت کە خەتەنەی ژنان بە بەراورد لە گەڵ خەتەنەی پیاوان “ئاستی قووڵایەکی و ئازار و تێکشکاندنێکی زیاتری بە داوە ھەیە، بۆیە چەمکێک کە باس لە سەر ئەم کردەوەیە دەکات دەبێ لە گەڵ خەتەنەی پیاوان جیاوازی ھەبێت.)، مێژوی دەسپێک و سەرھەڵدانی ئەم کردوە لە ئامریکا، ئۆرۆپا، ئۆسترالیا لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ زایینی، دەرکەوتە و دواھاتەکانی ئەم کردەوە کە بریتیە لە دەرکەوتە جەستەییەکان(کورت ماوە و درێژ ماوە) رەگەزی، دەرونی و کۆمەڵایەتییە. شیکاری لێکۆڵێنەوەکان کە سەبارەت بەم بابەتە ئەنجام دراوە و لە کۆتایشدا لێکدانەوەی بۆچوون و روانگەکانی ئەو دەستە و تاکانەی کە دژی بنبڕ کردنی کردەوەی “خەتەنەی ژنان” ن، کراوە.
لە بەشی دووەم ئاماژە بە و ھەوڵ و چالاکییە نێونەتەوەییەکانەی کە بە مەبەستی دابەزاندن و سڕینەوەی کردەوەی بڕینی قیتکەی ژنان ئەنجام دراوە شیکاری ئەو ئامارە جیھانیانەی کە لە لایەن یۆنیسف لە سەر ئاستی پەرەسەندنی ئەم کردەوەیە، جۆرە جیاوازەکانی بڕینی قیتکەی ژنان(جۆری یەکەم، دووەم، سێھەم و چوارەم)، ئەو ناوەند و دەڤەرانەی کە گەڵ و نەتەوە و خێڵی جیاواز ئەم کارەی تێدا ئەنجام دەدەن و ئەو یاسا و رێسایانەی کە بۆ پێش گرتن لەم کردەوەیە چەسپاون، کراوە.
لە بەشی سێھەم، شوێن و جێگەی خەتەنە و کردەوەی بڕینی قیتکەی ژنان لە نێو ئایینە جیاوازەکان بە تایبەت جوولەکە، مەسیحی و کۆمەڵێک لە لقەکانی سونە مەزەب تاوتوێ و شیکاری لە سەر کراوە. بەشی چوارەم ئاماژە بە بابەتێکی تیۆری دەکات. لەم بەشەدا بە مەبەستی شیکاری و روماڵکردنی ئەم کردەوە، ئامانج، ھۆکارە و دەرکەوتەکانی ئەنجام دانی ئەم کردەیە، لە بیردۆزییە دەرونشیکارییەکانی لاکان، بیردۆزییەکانی سیسکۆ، ئیرگاری، کریستوا و ھەروەھا بیردۆزییەکانی فۆکۆ لە بواری دەسەڵات، کەڵکی وەر گرتووە.
لە بەشی پێنجەم ھاوکات کە باس لە شێوازناسی توێژینەوە و شێوازی کەڵک وەرگرتن لێی، باس لە ئەنجامە باسکاری و رۆشنکارییەکانی کردەوەی “خەتەنەی ژنان”، ئەنجامگیری و رێکارەکانیش ئاماژە دەکات. لەم لێکۆڵینەوەیە بۆ شیکاری وردتر و پاژنواڕانەتر سەبارەت بە مژار و تێگەیشتن لە ھەست و ئەزموونی ژنان و دۆزینەوەی چییەتی بابەتەکە لە شێوازی چونایەتی کەڵک وەرگیراوە. نموونە ھەڵگرتن لە رێگەی نموونەگرتنی ئامانجدار و گڵۆڵە بەفری ئەنجام دراو. ھەروەھا لە گەڵ یەکێک لە و ژنانەی کە خۆی پێداگری لە سەر ئەنجام دانی ئەم کردەوە لە سەر ژنان دیکە دەکرد چاوپێکەوتن کراوە. لە پێوەندی بەم بابەتەوە کەڵک لە بۆچوونی زانایەکی ئایینی دەڤەرەکە وەرگیراوە و ئەوەی لە ئەنجامە باسکاری و رۆشنکارییەکان بە دەست ھاتووە ئەوەیە کە پێناسەیەک کە کۆمەڵگە، نەریت، زمان، خویندنەوەی جیاواز لە ئایینەکان و … لە ژنێتی و ژن بوون ھەیانە، شێوازی رەفتار و ژنی داسەکناو رەست نیشان دەکات. خاوەندارانی ھێز و دەسەڵات، کۆمەڵگەی باوکسالار بە مەبەستی دابەزاندنی ھەستی سێکسی، بە کەڵک وەرگرتن لە ئامێر و کەرستەگەلی باوەرمەندانە و کردەوەی بڕینی قیتکە، ژنانی لە پێناوی خواست و داخوازییەکانی خۆی لە ژێر چاودێری و دەسەڵاتی خۆیان دەگرن و لە درێژەی ئەم کردەوە، ژنان دەبنە “بەرناس(ئۆبژە)ی” رۆانینی پیاوان.
بەو پێیەی کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ھێنانی ئەم باس و مژارە بۆ ناو رای گشتی و راکێشانی سرنجی توێژەران بۆ ئەم بوارەی کە بەتەواوەتی نەناسراوە، ھیوادارم کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بتوانێت زیاتر لە جاران خەڵک لە گەڵ ئەم بابەتە، ھۆکارەکان و دەرکەوتەکانی ئاشنا بکات و رەھەندە جیاوازەکان و پاڵنەرە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان لە کەم کردنەوەی ئەم کردەوەیە بناسێنن.