تێڕامانێک لەسەر توێژینەوەی شیعری کوردی
تێڕامانێک لەسەر توێژینەوەی شیعری کوردی
Metin Yüksel[1]
لە ئینگلیزییەوە: رێزان نوورەدین، مستەفا زاهیدی
تا سەدەی بیستەم لە مێژووی ئەدەبی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شیعر پێشەنگی ژانرە ئەدەبییەکان بووەو ئەدەبی کوردیش بەدەر نییە لەم رەوتە.[2] زانار و نووسەران و گەشتیارانی کورد و غەیرەکورد لەسەدەی نۆزدەیەمدا لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعر چ بە شێوەی زارەکی و چ بە شێوەی نووسراوەیی بۆتە ژانری ئەدەبی زاڵ لە کەلتووری کوردییدا و عەلادین وسوجادی لەم بارەوە دەڵێت :” … کورد بە زگماک شاعیر لە دایک دەبێت (1395: 226)، ڕفیق حیلمی ئاماژە بەوە دەکات:” کوردستان و بە تایبەت خاكی بەبە ئەوەندە شاعیری پێگەیاندووە کە نایەتە ژماردن (2021: 145).[3] لە بەشێکیتری ئەدەبدا و لە ئەدەبی فۆلکلۆردا، “هایپەرترۆفی” ئەدەبی فۆلکلۆری کورد (شیعر) زۆر بەرجەستەیە. ( بۆیس، مینۆرێسکی و مەکێنزی، ٢٠٠٩). لە دەیەی ٢٠١٠ ەوە گەشەیەک دەبینین لە خوێندنەوەی زانستیانە بۆ هەردوولایەنی زمانی کوردی چ زارەکی ((de la Bretéque, 2012; Hamelink, 2016; Schäfers, 2019 و شیعری نووسراوە ( ئێرگۆن ٢٠١٥، سلێمانی ٢٠١٦، بووش، ٢٠١٦، ٢٠٢٠؛ قادری ٢٠٢١)[4]
حەزم بۆ خوێندنەوەی شیعری زارەکی و نووسراوەیی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ئەوەی دۆکتۆرام لە زانکۆی شیکاگۆ تەواو کرد لە سەر زمان و شارستانییەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠١١. لە کۆتایی نامەکەمدا حەزم کرد وەڵامی ئەم پرسیارە بزانم چۆنە کوردی باکوور ناسراو بە کورمانجی، لە لایەن سێ رەوتی ناحوکمییەوە زیندوو راگیراون و گوێزراونەتەوە، ئەویش دەنگبێژەکان (گۆرانیبێژەکان)، مەلاکان و رۆشنبیرە خوێندەوارە رۆژئاواییەکانە لە ساڵانی ١٩٢٠ەوە بۆ ١٩٥٠. (Yüksel, 2011).. لەبەر ئەوەی لە ماوەی خوێندنی دۆکتۆراکەمەدا من فێرببووم تەنها بە کوردی کورمانجی و بە پیتی لاتین بنووسم و بخوێنمەوە، بێئاگا بووم لە بەشێکی زۆری شیعری کوردی کە بە کوردی ناوەندی نووسراوەو بە سۆرانی ناسراوە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە خەرێکی خوێندنەوەو گەڕانم لە سەر ئەو شیعرانەی کە بە کوردی ناوەند نووسراون، کاتی خۆشی وتارێکم بڵاو کردەوە کە تێیدا وەسفەکانی گۆران و جگەرخوێنم بە پاول رۆبیسۆن(Paul Robeson) بەراورد کرد (Yüksel, 2015).
بە پێی توێژینەوەیەکی ئەم دواییانەم لە سەر شیعری کوردی کە لە چەند ساڵی رابردووداو دوای خوێندنەوەو گەڕان بە دوای شیعری شاعیرانی کورد لە کوردستانی عێراق و ئێران وەرچەرخانێکی تێدا دەبیندرێت، دەمهەوێ بگەڕێمەوە بۆ هەندێک لە کارەکانی پێشووترم. ئەم گەڕانەوەیە لە بنەڕەتدا ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگرێتەوە. توێژینەوەیەک کە باس لە شیعری کوردی دەکات لە ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٥٠ و سنووردار دەکرێتەوە بە کوردی باکوور کە بە پیتی لاتینی نووسراوەو بە دڵنیاییەوە ناتەواوی پێوەدیارە، لە بەر ئەوەی نەپەرژاوەتە سەر باسکردن لە دۆخی ئەدەبی لە هەموو ئەو ناوچانەی کوردی تێدایە. لە دیدی زمان و شیعری کوردییەوە، ماوەی ساڵان ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٠ەکان ئەو دەمە بوو کورد دەستیکرد بە بەکارهێنانی پیتی لاتینی و سیریلیک لە سووریا و لۆبنان و یەکیەتی سۆڤییەت. لەگەڵ زیاتربوونی چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت- نەتەوەکان بۆ سەر بڵاوبوونەوەی کتێب و رۆژنامە و گۆڤارەکان لەو بەری سنوورەکانیانەوە، ئاستەنگەکان لە بەرهەمی ئەدەبی کوردیدا بە هۆی بەکارهێنانی ئەلف و بێی جیاوازەوە زیاتر دەبێت. لە دەیەی ١٩٥٠وە ، لەگەڵ نەمانی ئەو بەرەیەی لە کۆتایی سەدەی ١٩دا دەیاننووسی، شەقڵێکی گەورە کەوتە ناو دوو زاراوەی نووسراوەیی کوردی باو. نەمانی ئەم بەرەیە بەزۆری لەو رووەوە گرینگە کە رووناکبیر و نووسەر و شاعیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردی لە دایکبووی کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ چەن زمانە بوون. باو بوو کە بە زیاتر لە یەک زمان شیعریان دەنووسی. پێویست بە وتن ناکات، داسەپاندنی ئەلف و بێیەکو هەروەها نکۆڵی کردن و تواندنەوەی زمان و کەلتووری کوردی لە ساڵانی ١٩٢٠ بە دواوە، وایکرد کە ئەم لێکدابڕانە زیاتر ببێت و دابەش ببن.
ئەمڕۆکە ئەو بەرهەمهێنانە زانستیانانەی کە لە بواری خوێندنەوەی کوردیدا بەرهەم هێنراون، بەگشتی و بە شێوەی جیاواز بوارێک لە دوو زاراوەی کوردی دەگرێتەوە کە بە دوو رێنووسی عەرەبی یان لاتین دەنووسرێن. بەدەربڕینێکیتر ئاخۆ بواری خوێندنی کوردی بە گشتی و خوێندنی شیعری هاوچەرخی کوردی بە تایبەتی ، بە دابەشبوونی ئەلف و بێ و دیالیکتەکانیش دیاری دەکرێت و (بەکارهێنەران)ی ئەم دیالێکتانە لە یەکتر تێناگەن و لەیەکتر بێئاگان؟ لە رێگای جەختکردنەوە لە سەر بەرهەمی شیعریی لە دوو زاراوەی زاڵی کوردی لە ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٦٠، مەبەستم باسکردنە لە ” مێژووە لێکگرێدراوەکان” (باسکراو لە بامبرا ٢٠٠٧) (cited in Bhambra, 2007)، ئەوەی کە شیعری کوردی سنووردار نییە بە دیالێکت و زاراوەیەکی یەکدەست. دونیای ١٩٢٠ ەوە بۆ ١٩٥٠ دونیایەکی لێکهەڵپێکراو بوو. بۆ وێنە، گۆران و جگەرخوێن، هاوسۆزییەکی و پشتیوانی بان کیشوەری (transcontinental) و ئەنتەرناسیۆنالیستی (internationalist) خۆیان لەگەڵ هونەرمەندی ئەمریکی- ئەفریقی پۆل رۆبیسۆن (Yüksel, 2015) دەردەبڕن. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە. تا چەند لە رووی شیکارییەوە پاساوی ئەوە هەیە کە تەنها بۆ ئەوەی گرینگی بە لایەنێک بدرێت، لایەنێکیتری بەرهەمی شیعریی پشتگوێ بخرێت؟
بۆشاییەک هەیە لە کاری پێشترمدا کە من دەیدۆزمەوە، ئەوەیش ئەوەیە کە من لەوێدا شیعری جگەرخوێن وەک شیعری بەگاهاتنەوە پێناسە دەکەم (Yüksel, 2011: 209-225, 2014).، بە تێکەڵکردنی لێکدانەوەیەکی نێواندەقێتی لە کۆی شیعرەکانی جگەرخوێن لە ساڵەکانی ١٩٤٥، ١٩٥٤ و ١٩٧٣ بە گشتی بە پشت بەستن بە بەڵگە ئەرشیڤییەکان و ژمارەیەک سەرچاوەی بڵاوکراوە، پێشنیار ئەکەم شیعری ئەو (جگەرخوێن) بە شیعری بەئاگاهاتنەوە پێناسە بکرێت. بەراستی خوازەکان (مێتافۆرەکان)ی بەئاگاهاتنەوە ( هوشیار/ شیار، هوشیاری/ شیاری) و خەو لە زۆربەی شیعرکانیدا دەبیندرێت.
هەروەها من ئاماژە بەوە دەدەم کە خوازە (مێتافۆرە)کانی بەئاگابوون و خەوتن بە ئاماژەی بەردەوام بۆ زانین و فێربوون و پێشکەوتن و هەروەها نەزانین و دواکەوتوویی و بێئاگایی، هاوتەریبی یەکتر (دەست لە دەستی یەکتر) دەچنە پێشەوە. باس لەوە دەکەم شیعر و سیاسەتی بەئاگاهاتنەوەی جگەرخوێن دەتوانێت و دەبێت لە چوارچێوەی سیاسی و فیکری گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوێندوەی بۆ بکرێت کە دەرخەری کەڵک وەرگرتنی بەردەوامە لە هەمان خوازەکانی بەئاگاهاتنەوەو خەوتن. هەر بەم شێوەیە لە هەردوو کۆنتێکسی بەرفراونتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شیعری جگەرخوێندا، لاوان وەک پێشەنگەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبیندرێن. شیعرێکی تایبەت کەوتەوە چەقی لێکدانەوەی منەوە کە هەموو ئەم مانایانە لە خۆ دەگرێت. بە ناوی ” دەستت ماچ ناکەم” [“Destê Te Maç Nakim”] (Yüksel, 2014: 547-548, 552),، کۆی شیعرەکە بەم شێوەیە خوارەوەیە:
Şêxê min destên te îdî maçî nakim ez, bes e
Kavil û wêran te hiștin ev sera û medrese
Şêxê Ewrûpa binêre, wa ne hasin birne jor
Em bi xișt û def û dîlan paș ketin, tev mane kor
Her keșakî deh zimana zanî rengê Efletûn
Em çima hov û nezan in, ser di ber de paș ve çûn
Qet bi sîwaka te dijmin paș ve naçin gavekê
Bo çi tev mane perîșan, dîl û bendê davekê
Xortê kurdan tev șiyar bûn dil bi pêta agirî
Bayê zanînê li wan da, gur dibî qet namirî
Dev ji vê paya xwe berde, ev tiralî ma çi ye
Ma ne șerm e, rût û xwas e, kurd e jar û tazî ye
Bes di pișt perdê de rûne, ey ciwanmêr xo bi nas
Dijminê jîna welêt î, tim bi dest te tevr û das
Hêj bibêjim, tê bibêjî: -Ev Cegerxwîn gawir e
Na, di bextê te û Xwedê de, dil bi pêt û agir e
Ez dizanim pir dirêj kir, min li te peyv û kelam
Ger tu kurd û kurdperest bî, em bira ne wesselam
(Cegerxwîn, 2007: 129).
گەڕان بە دوای پرسی بەئاگاهاتنەوە وەک تەوەری شیعری جگەرخوێن و دۆزینەوەی سێ بەڵگەنامەی ئەرشیڤی تورکی، لە سەر گرینگی جگەرخوێن و شیعری ئەو لە رێگای کۆمەڵیک سەرچاوەی بەربڵاوی بڵاوکراوەوە، پشکی رەسەنی ئەم بەرهەمەیە. بەمەشەوە لە نووسینێکیتردا ئاماژەم بە گرینگی لەبەرچاوگرتنی بەستێنی بەربڵاوتری ئەدەبی کورد کرد کە جگەرخوێن لەو بەستێنەدا شیعری دەنووسی، بەڵام ئەو دەم لەم دیدە رەخنەییەوە زیاتری لە سەر نەڕۆشتم (Yüksel, 2018). ئەم لێکدابڕانە زمانی، زەینی و ئەدەبییەی کە لە نووسینی پێشترمدا رەنگی داوەتەوە، تا ئەمرۆش تووشی سەرسووڕمانم دەکات. رەنگە ئەم دابەشبوون و لێکدابڕانە ئەمڕۆکە وەک شتێکی ئاسایی وەربگیردرێت، بەڵام بۆ ئەوانەی لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠ بۆ ١٩١٠ لە دایکبوون بەم شێوەیە نییە.
گۆڕانێکی گەورە لە حەزی من بۆ شیعری کوردی لە ساڵی ٢٠١٩ روویدا، کاتێک دەستمکرد بە سەیرکردنی بەردەوامی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی بە ناوی “قەلەندەرخانە” کە لە کوردستان ٢٤ەوە بڵاو دەبۆوە.[5] شیعری ئەو شاعیرانە سەرسامی کردم کاتێک لە هەر ئەڵقەیەکی بەرنامەکەدا لەگەڵ شارەزایەکی جیاوازدا شیعرەکانیان دەدرایە بەر باس. بەوەم زانی کە زانیاریم دەربارەی شیعری کوردی سنووردارە و بەیارمەتی قەلەندەرخانە. هەموو دەبم بیرم لە کارە پێشترەکانم دەکردەوە دەربارەی جگەرخوێن. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا هاتنم بۆ بنکەی ژین لە شاری سلێمانی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، شیعری ئەو شاعیرانە دەخوێنمەوە کە ساڵانی ١٨٧٠ تا ١٩١٠ لەدایکبوون و بە پێی ئەم گەڕانە سەرەتاییانە، دەمهەوێت چەند نموونەیەک لە خوازە (میتافۆر)ەکانی بەئاگاهاتنەوەو خەوتن بدەمە بەر باس. شیعری “ئەی کورد” لە نووسینی دڵدار دوانەی “وشیاری” و “نەزانی” (جەهل)ی تێدا دەبیندرێت.
دەسا هەڵسە بە هۆشیاری نەفەوتاوی بە یەکجاری
لە نێو بەندی موعەزەب دا ئەمێنی قوربەسەر ماوی
زەمان ئێمە بە شیشی خەم لە سەر ئاور ئەبرژێنێ
سەری سووڕما لە جەهلی تۆ، هەتا کەی تۆ نەبرژاوی
(حەمەدەمین و نازم ٢٠١٩: ٢٤).
ئەم چەند بەیتە شیعرەی خوارەوە لە شیعرێکی فایەق بێکەس بە ناوی “ئامۆژگاری بۆ میللەت” ، بەئاگابوون و خەوتن بۆ نەبوونی وشیاری نەتەوەیی بەکار دەبات.
کوردە تا کەی بێ خەبەر بی؟ نوستنت بێ عارییە
واسیتەی دواکەوتنت ئەمڕۆکە هەر بێ کارییە
سەیری ئەم قەومانە کە چۆن بوون و ئێستا بوون بەچی
حەیفە بۆ تۆ وا ئەسیری بوویتە عەبد و جاریە
…
نیوەڕۆیە هەستە ئیتر بەرگی سستی داکەنە
زوڵمەتی شەو وا بەسەرچوو وەعدەیی هۆشیارییە
(فایەق بێکەس- ١٣٩٠- ٧٢)
شیعرێکیتری فایەق بێکەس بەم دێڕانەی خوارەوە دەست پێ دەکات:
سەدەی بیستەمە، کوردە غیرەتێ
لە خەو ڕاپەڕە، هەوڵێ هیممەتێ
بەسیە نەزانی، عیلم و سەنعەتێ
سووکی هەتا کەی؟ ناوێ، حورمەتێ
هۆش و بیرت بێ… پیاوی ژیرت بێ
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
(بێکەس ١٣٩٠: ٨٤)
لەم دوو بەیتەی خوارەوە کە لە یەکێک لە شیعرەکانی وەرگیراوە، ئەحمەد موختارجاف داوا لە کورد دەکات لە خەو هەستێت و خۆی لە دەست نەزانی ئازاد بکات و لە رێگای زانیارییەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنیت:
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
…
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
ئەحمەد موختارجاف، ٢٠١٩، ١٩٢- ١٩٣)
ئەمانە چەند نموونەیەکی بەردەستن لە بەکارهێنانی خوازەی بەئاگابوون و خەوتن لە شیعری سێ شاعیری کورددا کە لەگەڵ جگەرخوێن هاوچەرخ بوون و وێڕای بەکارهێنانی ئەم میتافۆڕانە ، دەبینین کە شاعیرانی کورد هاوکات لەگەڵ وەستانەوە دژی دواکەوتوویی و نەزانین زۆر جەخت دەکەنەوە لە سەر زانینو فێربوون و پێشکەوتنو خوێندەواری، بەم بۆنەوە دەتوانین ئاماژە بدەین بە شیعری شاعیرانێکی وەک “زێوەر”، “قانێع”، هەژار” ، “هێمن”.
وەک توێژەرەێک لە بوارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسی و خوێندنەوەی کوردی، بە خەختکردنەوە لە سەر شیعر لە خوێندنەوەی سیاسەت و مێژوودا، شیعری زارەکی و نووسراوەیی کوردی وەک کەرەستەیەکی زۆر بەکەڵک دەبین بۆ ئیشکردن. دیارترین کێشەیەک کە لە بەردەممدایە و هەوڵ دەدەم ئەو کێشەیە نەهێڵم، بێئاگاییمە لەو سەرچاوانەی کە بە کوردی ناوەند بەرهەم دەهێندرێن. لە رێگای ئەم رەخنەگرتنە کورتە لە کارێکی پێشترم لە سەر شیعری جگەرخوێن، حەز ئەکەم سەرەتا ئەوە بخەمە ڕوو کە جەختکردنەوە لە خوازە (مێتافۆر)ی ئاگابوون و خەوتن لای جگەرخوێن زۆر دروستە وەک چۆن لە شیعری شاعیرەکانیتردا بە هەمانشێوە یان هاوشێوە بەکار دەبرێت. بەمەشەوە ، یەکێک لە کەم وکووڕییەکانی ئەم بابەتە باسنەکردنە لە بەرهەمی شاعیرانێکی وەک گۆران، بێکەس و … کە جگەرخوێن یان ئەوەیە لەگەڵیان هاوڕێیەتی هەبووە یان ئەوەیە لە گۆڤارە کوردیەیکان لە بەغدا و دیمەش لە دەیەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠ لە یەک کاتدا بابەتیان بڵاو کردۆتەوە.
وادیارە پرسەکە بە سادەیی یەکێک لە زاراوە یان ئەلف و بێکان نییە. هەروەها پرسی جۆری روانینیشە ، کە مرۆڤ دەبێ هەوڵ بۆ گۆڕینی بدات دوای بەجێهێشتی ناوچە ئاسوودەکانی زمانەوانی، رۆشنبیری و زانستی. لە بوارەدا ئاماژە بە کتێبی(1986) Decolonising the Mind دەکەم لە نووسینی Ngũgĩ wa Thiong’o کە یارمەتیدەر و ئیلهامبەخشە لەم بارەوە. لەسەر ئەو باوەڕەم دەبێ ئەم دابڕان و جیاکارییەی کە لە ئێستای زمان و ئەدەبی کوردیدا هەیە تێپەڕێنین. ئەمجۆرە بەرپرسایەتییە لە رووی فیکرییەوە دەبێت بە هۆی بوونی لێکدانەوەی دەوڵەمەندتر و بە دڵنیاییەوە توێژینەوەی باش و زانستیانەی لێدەکەویتەوە.
Bibliography :
Bêkes, Fayiq. Dîwaniy Bêkes, Kokirdinewe: Mamosta Omêd Aşna. Sine: Entêşârât-i
Kurdistan, 1390.
Bhambra, Gurminder K. Rethinking Modernity: Postcolonialism and the Sociological
Imagination. New York: Palgrave, 2007.
de la Bretéque, Estelle. “Voices of Sorrow: Melodized Speech, Laments, and Heroic
Narratives among the Yezidis of Armenia,” Yearbook for Traditional Music 44 (2012), 129-148.
Bush, J. Andrew. Between Muslims: Religious Difference in Iraqi Kurdistan. Stanford:
Stanford University Press, 2020.
Bush, J. Andrew. “How ‘God Becomes a Lover’: Sufi Poetry and the Finitude of Desire
in Kurdistan,” Journal of Middle East Women’s Studies 12: 1 (2016), 68-87.
Caf, Ahmed Muxtar. Ko Berhemiy Ahmed Muxtar Caf, Kokirdinewe û amadekirdin:
Karwan Usman Xeyat (Rêbîn). Senendec: Entêşârât-i Kurdistan, 2019.
Cegerxwîn. Dîwan 3: Kî me Ez. Stenbol: Avesta, 2007.
Bois, Th., V. Minorsky and D. N. MacKenzie. “Kurds, Kurdistan”, Encyclopedia of
Islam, Second Edition. Edited by: P. Bearman, Th. Bianquis, C. E. Bosworth, E. van Donzel and W. P. Heinrichs. Brill, 2009.
Ergün, Zülküf. “Netewetiya Kurdî û Rengvedana Wê di Helbesta Kurdî ya Nû de,”
Nûbihar Akademî 2: 4 (2015): 11-40.
Ghaderi, Farangis. “A History of Kurdish Poetry,” in Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes
and Veli Yadirgi, eds. The Cambridge History of the Kurds, pp. 707-728. Cambridge: Cambridge University Press, 2021.
Ghaderi, Farangis. “The Challenges of Writing Kurdish Literary History: Representation,
Classification, Periodisation,” Kurdish Studies 3: 1 (2015), 3-25.
Hamelink, Wendelmoet. The Sung Home: Narrative, Morality, and the Kurdish Nation.
Leiden and Boston: Brill, 2016.
Hejar. Bo Kurdistan. Hewlêr: Aras, 2001.
Hemedemîn, Remezan û Senger Nazim, amadekirdin, rêkxistin û perawêzdananiy.
Dîwaniy Dlldar. Koye: Çapxaney Taran, 2019.
Hêmin. Dîwaniy Hêmin: Sercemiy Honrawekaniy Mamosta Hêmin. Sine: Entêşârât-i
Kurdistan, 1396/2017.
Hîlmî, Refîq. Şî’r û Edebiyatiy Kurdî. Sine: Entêşârât-i Kurdistan, 1400/2021.
Leezenberg, M. Michiel. “Vernacularization as Governmentalization: The Development
of Kurdish in Mandate Iraq,” in H. Murre-Van den Berg, K. Sanchez-Summerer and T. Baarda, eds., Arabic and Its Alternatives: Religious Minorities and Their Languages in the Emerging Nation-States of the Middle East (1920-1950), Vol. 5, pp. 50-76. Leiden: Brill, 2020.
Qane. Diwaniy Qane, kokirdinewe: Burhan Qane. Tehran: Panîz, 1396.
Sidîq Salih, Refîq Salih and Abdulla Zengene, eds. Gelawêj: Bergiy 11yem: Jiyanname û
Pêrrist. Hewlêr: Çapxaney Rojhellat, Billawkrawekaniy Binkey Jîn, 2016.
Schäfers, Marlene. “Archived Voices, Acoustic Traces, and the Reverberations of
Kurdish History in Modern Turkey,” Comparative Studies in Society and History 61: 2 (2019), 447–473.
Seccadî, Alaeddîn. Mêjûy Edebiy Kurdî. Sine: Entêşârât-i Kurdistan, 1395.
Soleimani, Kamal. “Islamic Revivalism and Kurdish Nationalism in Sheikh Ubeydullah’s
Poetic Oeuvre,” Kurdish Studies 4: 1 (2016), 5-24.
wa Thiong’o, Ngũgĩ. Decolonising the Mind: the Politics of Language in African
Literature. Oxford: James Currey, 1986.
Yüksel, Metin. “Qelenderxane: Mektebek li ser Şairên Kurd,” Nûbihar 153 (2020), 58-
62.
Yüksel, Metin. “Cegerxwîn’in Şiirlerinde Uyanış, Dayanışma ve Tarihe Tanıklık”
[“Awakening, Solidarity and History in Cegerxwîn’s Poetry”], in Tuncay Şur and Yalçın Çakmak, eds., Kürt Tarihi ve Siyasetinden Portreler [Portraits from Kurdish History and Politics], pp. 235-246. İstanbul: İletişim, 2018.
Yüksel, Metin. “Solidarity without Borders: the Poetic Tributes to Paul Robeson of
Goran and Cegerxwîn,” Journal of Postcolonial Writing 51: 5 (2015), 556-573.
Yüksel, Metin. “I cry out so that you wake up: Cegerxwîn’s Poetics and Politics of
Awakening,” Middle Eastern Studies 50: 4 (2014), 536-553.
Yüksel, Metin. Dengbêj, Mullah, Intelligentsia: the Survival and Revival of the Kurdish-
Kurmanji Language in the Middle East, 1925-1960. Chicago: Unpublished PhD Dissertation at the Department of Near Eastern Languages and Civilizations, University of Chicago, 2011.
Zêwer, Mehmûd, kokirdinewe. Dîwaniy Zêwer. Sine: Entêşârât-i Kurdistan, 2021.
[1] – پرۆفیسۆری یاریدەدەر، مێژووی جیهانی مۆدێرن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زانکۆی Hacettepe بەشی زانستە سیاسییەکان و کارگێڕی گشتی. [delete 06800 Beytepe please] ، ئەنقەرە، تورکیا، ئیمەیڵ: metinyuksel@hacettepe.edu.tr
[2] – سوپاسی بەشی زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی زانکۆی هاجەتتەپە دەکەم کە ڕێگەم پێدەدات ساڵێک پشوو بدەم بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە بنکەی ژین بۆ بەڵگاندن و لێکۆڵینەوە لە شاری سلێمانی هەروەها سوپاسی 2219ی پاش دکتۆرا دەکەم بۆ ئەو توێژینەوانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجی تورکیاوە لە ئەنقەرە پێشکەشکراوە بۆ پشتگیریکردنی توێژینەوەکەم لە سلێمانی بە میوانداری گەرم وگوڕیان ڕفیق ساڵح و سدیق ساڵح منیان بە سەرچاوە سەرنجڕاکێشەکانی سەنتەری ژین ناساندووە کە من بەڕاستی سوپاسگوزارم سوپاسم بۆ ڕێکخەرانی “یەکەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی ئەدەبی لە سلێمانی” بۆ بانگهێشتکردنی من بۆ ئەوەی لە فیستیڤاڵەکە قسە بکەم
[3] – بۆ بەدواداچوونی بەسوود بۆ کارەکان لە سەر مێژووی ئەدەبی کوردی، بڕوانە قادری (٢٠١٦)
[4] – سدێق ساڵەح و رەفیق ساڵەح و عەبدوڵڵا زەنگەنە، ئێندێکسێکی زۆر رێک و پێکیان لە گەلاوێژ (١٩٣٩- ١٩٤٩) ئامادە کردووە کە زۆر بەکەڵکە بۆ ئەو توێژەرانەی لە سەر ئەم رۆژنامەیە کار دەکەن. سێ جۆر لەو ئێندێکسەیان ئامادە کردووە کە بە پێی بەشداربوان، تیمەکان و ریزبەندی ئەلف و بێی ناونیشانی هەموو بەشدارییەکان رێک خراون. ئەو ئێندێکسە کە لەسەر بنەمای تیمەکان رێکخرابوو، ناونیشانی “شیعر” لەخۆ دەگرێت و هەموو ئەو شیعرانەی کە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا لە گەلاوێژدا بڵاوکراونەتەوە ( ساڵەح، ساڵەح، زەنگەنە، ٢٠١٦: ٥٦٣-٥٥٩)
[5]– نووسینێکی کورتم بڵاوکردەوە بۆ ناساندنی ئەم بەرنامە گرینگە، لە گۆڤاری ئەدەبی و رۆشنبیری نۆبهار (Nûbihar) لە ئیستانبووڵ. (Yüksel, 2020).