خوێ- بەنرختر لە زێڕ
ن: ئیڤان کلیما
و: مستەفا زاهیدی
وەک پەتایەک کە لە بەهاردا سەرهەڵدەدا و یەخەی هەموان دەگرێ و هەموان توشی ئەبەن، خەڵک هێرشیان برد بۆ سەر دووکان و مارکێتەکان و هەر بەهاراتێک بەردەستیان دەکەوت، تەنانەت خوێش، دەیانکڕی، راست هەر ئەو کارەی کە پێشتر کردبوویان بۆ کڕینی کاکائۆ.
تا ئێستە چەندین جار لەم نەخۆشییە گشتگیرانە لەناومانا بڵاو بوونەتەوەو بەربینگیان گرتووین. هەرکات دەنگۆی ئەوە بڵاو ئەبێتەوە کە ریفۆرمێک لە دراوەکاندا ئەکرێت، قات و قڕی و گرانییەک چاوەڕێمان ئەکات، یان جەنگێک، خەڵک دەست ئەکەن بە کەڵەکەکردنی شتەکان. کەڵەکەکردن مانایەکی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. بەرپرسەکان داوا لە هاووڵاتییەکان ئەکەن رێپێوانێکی کۆنتڕۆڵکراو بکەن وەک پشتیوانییەک بۆ ئەو دەوڵەتەی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، بە ئەوپەڕی حەماسەتەوە کۆمەڵێک دروشم بڵێنەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵام هاووڵاتییەکان بە کەڵەکردنی کاڵاکان و هێرش کردنە سەر کاڵاکان بە شێوەیەکی خۆڕسک بێ متمانەیی خۆیان بەو دەوڵەتەی هاتۆتە سەر کار و دەسەڵاتی گرتۆتە دەست نیشان ئەدەن. لەم دۆخە پڕسترێس و دڵەراوکە هێنەرانەدا، هاووڵاتیان ئەزموونی چەندین ساڵەیان لە سیستەمی دابەشکردن دەخەنەڕوو. ئەزموون ئەوەی فێری هاووڵاتییەکان کردووە تا ئەتوانن شت بکڕن، هەر بکڕن، تەنانەت ئەو شتانەش بکڕن کە لە ئێستەدا پێویستیان پێی نییە.
لە لایەکترەوە، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە زانیارییەکی کەمیان هەیە، باش ئەزانن ئەستەمە خوێ کەم بێت و وا بێت دەست نەکەوێت. هەرچی بێت، ئەوان بینیویانە لەو شەوانی زستاندا خوێ بە سەر جادەکاندا ئەپژێنن، پاشکەوتی خوێ، تەنها لە سلۆڤاکیا بەشی چەندین سەدە ئەکات. ئەگەر بمانهەوێ باسی بیبەر بکەین، ئێمە جۆرێک بیبەرمان ئەکرد بەسەر خواردنەکانماندا ، وەک ئەوەی ئەگەر نەمانی خواردنی بێ بیبەر زۆر زیاتر بێت لە ئەگەری نەمانی خودی بیبەر. کەوایە، هاووڵاتییەکان ئەم کاڵا و شت و مکانە کەڵەکە ناکەن لەبەر ئەوەی ئەترسن نەوەک ئەم شت و مک و کاڵایانە نەمێنن، بەڵکوو بەو هۆکارە کەڵەکەیان ئەکەن کە ئەترسن نەوەک گران بن. نرخی بەهارات ( وەک هەر شتێکیتر) بە دڵنیاییەوە ئەگەری چوونەسەرەوە گرانبوونی هەیە. بەڵام لەهەمانکاتدا بە ئەزموونی خمان بەوە گەیشتووین کە وەک بنەمایەک، نرخەکان هیچکات زیاتر لە دوو قات، زیاتر نابن و بەلەبەرچاوگرتنی نرخی ئێستای بەهارات و خوێ، وادیارە جیاوازییەکە تەنها چەند کرۆنە و بەس. بەدەر لەمە، وەک ئەزانین، خوێ رەنگە شێ هەڵبگرێت، رەق بێتەوەو ببێت بەرد، بەهاراتەکان تام و بۆنیان لە دەست بدەن. کەوایە خەڵک دوای ماوەیەک بەناچارییە ئەوەی ماوەتەوەو زیادییە فڕێی ئەدەن. تەنانەت ئەگەر وەها ئاگایان لێی بێت و رایبگرن کە بەش دوو سێ ساڵ بکەن و بمێننەوە، سەرەنجام ئەوەی پاشکەوتیان کردووە زیاتر لە بیست یان سی کرۆن نییە بۆ ماوەی ساڵێک.
ئەوەی وادەکات زیاتر ئەم دۆخە سەرنجم رابکێشێت ئەوەیە ئەو خەڵکانەی کە خانوویەک، ماشێنێک، تەلەفیزیۆنێک، ماشێنی جلشۆرییەک، کاڵاکانیتر رەمزی ئاسایش و زۆری شت و مکیان هەیە لەم سەردەمەدا، هێندەیان غوروور نییە کە بیر لە شتیتر بکەنەوە زیاتر لە خوێ و بیبەر و چاوەڕوانییەکانیان زیاتر بێت. ئەوانە بەئاشکرا ئەمە بە عەیبەیەک بۆ خۆیان نازانن کە لەم مارکێتەوە هێرش بکەنە سەر ئەو مارکێت بەوەی چەن پاکەت خوێ یان بیبەری زیاتر بکڕن. ئەمە نیشانەیە بۆ ژیانێکی پڕلە نەهامەتی و چارەرەشی کە تەماحی کەڵەکەکردنی شتەکان بەسەریدا زاڵە.
بەوە گەیشتووم شکۆ و پێگەی مرۆڤبوون بەشێک نین لە تایبەتمەندی و بەها بەنرخ و جێگەی ستایشەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە، وا بێت هەموان بە شوێنییەوە بن. بە پێچەوانەوە، ژیان لەم سەردەمەی ئێمەدا، بەرلەوەی مرۆڤەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە ببات کە بە ئاسانترین و سادەترین شێوە بژیوی ژیانیان دابین بکەن، بەرەو ئاکار و کردەوەگەلێکیان ئەبات کە بەدەرن لە شکۆ و پێگەی مرۆڤبوون، هەر لە پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن لە کار سووک و بێبەهاکانەوە بگرە تا بەشداریکردنی ناچاری لە هەڵبژاردنەکان، یان رێپێوانی درۆیینەوە پووچ و بێ مانا. لەهەمانکاتدا هاووڵاتییانی ئەمڕۆیی بەرەو دونیایەک فڕێ دەدرێن کە دروشمەکەی ئەمەیە :” دەست بە سەر هەر شتێکا بگرە کە ئەتوانی بە دەستی بهێنی، تا زۆرتربێت باشترە!” ئەمە دروشمێکە رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پەرە ئەسێنێت و ئەبێت بە باو. ئەمە دونیایەکە کە رۆژ لە گەڵ رۆژدا پەیوەندییەکان و گەندەڵی و پلە و پاییە نایاساییەکان (رانتەکان) زیاتر بەسەریدا زاڵ ئەبێت. لەهەمانکاتدا، هەموو درگاکان بۆ کردیەکی مرۆیانە و چالاکی مرۆیانە بەسەر ئەم هاووڵاتیانەدا داخراوە، ئەو چالاکیانەی کە دەکرێت شارستانی بوون و شکۆ بۆ مرۆڤەکان بەدیاری بهێنیت، هەموو ویستێک لە هاووڵاتییەکاندا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک لە سەر بنەمای کەلتووری زیندوو، بیرکردنەوەی زیندوو، لە رێگای کەسایەتی و خولقانیانەوە دەکوژێت. لەهەموو ئەمانە تێ ئەگەم، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەو دەمەی بە چاوی خۆم دیمەنی خوێ و بیبەرم بینی، بینینی ئەو هەموو ئینسانە کە ناتوانن خۆیان لە لوژێکی دونیای بەرخۆری کە دەبێت بە هۆی تێکشکانی کەسایەتی رزگار بکەن، ناتوانن دەستبەرداری ئەوە بن شکۆ و گەورەیی مرۆڤبوونیان بە پارەیەکی بیست کرۆنی نەفرۆشن، سەرم سووڕما و خەم دایگرتم.
بێ ئەوەی بە خۆم بێت پرسیارێک لە مێشکمدا دێ و دەچێت: ئەم مرۆڤانەی دەستبەرداری شان و شکۆی و بەها مرۆییەکانی خۆیان بوون، ئەگەر قەیران یان قات و قڕییەکی راستەقینە بێتە پێشەوە چۆن هەڵسووکەوت ئەکەن؟ رەنگە ئەوانەشی دەستیان بەسەر بەرپرسایەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا گرتووەو بە موڵکی خۆیانی ئەزانن، ئەم پرسیارەیان لە خۆیان کردبێت، دواتر بەرەبەرە بەوە گەیشتوون ئەم دیمەنانە گرێ نەدراوەتەوە بە پرسی پێویستیەکانی ژیانەوە، بەڵکوو زۆر زیاتر لەوە، گرێدراوەتەوە بە پرسی نرخ و بەهاوە.