داوا دەکرێت رسوماتی موڵەت کەم بکرێتەوە
ئا: dca.mocy.gov.krd
سارا ساڵح ڕەزا بەرێوەبەری بەرێوەبەرێتی مۆڵەت لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەری بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی وردەکاری بەشی مولەت و كێشەو ئاریشەکانی بەشی مۆڵەتی دەخاتە بەرباس کە بۆ ئاگاداریی هاوولاتیان لەم راپۆرتەدا دەخرێتە روو:
پ/مەرجەکانی پێدانی مووڵەت چین؟
و/ سەرەتا دەبێ سپاسی فەرمانبەرانی بەریوەبەرێتیەکەمان بکەم کە بە دلسۆزی و بە هاوکاری و هەماهەنگی تەواوەوە کاروباری مۆڵەت بۆ هاوولاتیان رادەپەرێنن، لەراستیدا مۆلەت بەو هاووڵاتیانە دەدرێت کەداوای مۆڵەتی پیشەکان دەکەن، بەپێی رێنمایی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ژمارە (1) ی ساڵی 2014 لە 19/10/2014 مۆڵەت دەدرێت بە هاوڵاتیان کەئەم پیشانە لەخۆدەگریت ( نووسینگەو مەڵبەندەکانی کۆمپیوتەر،کۆمپانیا هونەرییەکان، سەنتەرەکان و نووسینگەکانی ریکلام، تاقیگەی وێنەیی،ستۆدیۆی وێنەیی، فۆتۆکۆپی و کەپسی ناسنامە،ستۆدیۆی دەنگی،وێنەگری ڤیدیۆیی، سەنتەرەکانیCD و DVD,سەنتەری پیشە هونەرە جوانەکان، نووسینگەی بەرگ تێگرتن(تجلیدی کتێب)، کاری خۆشنووسی، پەراوگە، چاپی سکرین، نووسینگەی زەنگۆگراف، نووسینگەی رێکخستنی ئاهەنگەکان، دروستکردنی پێناسی پلاستیکی،نووسینگەی نەخشەسازی هونەری،نووسینگەی مۆرهەڵکەندن، ئیعلاناتی سەوتی و فلێکس، وێنەگرانی گەڕۆکی ڤیدیۆ، وینەگرانی گەڕۆکی فۆتۆگراف
بەپێی ئەو رێنماییە ئەم داواکارییانە پێویستە بۆدەرهێنانی موڵەت؛
١- دەست بەسەراگرتنی ناوی بازرگانی
٢- گرێبەستی نێوان خاوەن موڵک و کرێچی بەمەرجێک لەباجی خانووبەرە ڕاستاندنی(تصدیق) بۆکرابێت.
٣- کۆپی رەنگاوڕەنگی تەسکەرەو جنسیە یان کارتی نیشتمانی پێبێت.
٤- پشتگیری خوێندن یان هەر بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت هاوڵاتیەکە خوێندەوارە.
٥- ئەگەر پیشەکەی وێنەگری بوو دەبێت لە یەکێتی وێنەگران پشتگیری بهێنێت.
٦- ئەگەر پیشەکەی خۆش نوسی بوو دەبێت لە کۆمەڵەی خٶشنوسان پشتگیری بهێنێت.
٧– ئەستۆپاکی خاوەن پیشە لەباجی دەرامەت.
٨- پاشان نوسراوی ڕەزامەندی دەکرێت بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان.
٩- پاش هێنانی بەڵگەنامە پێویستەکان و جێبەجیکردنی داواکارییەکان، لیژنەی کەشف سەردانی شوێنی کارەکەی دەکات بۆ پێدان و بۆ نوێ کردنەوەو دڵنیابونەوە لە پیشەکەی و بینینی شوێنی کارەکە.
١٠- دواتر ڕسومی مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێت پاشان بۆی دەکرێت بە مۆڵەتنامە بەمەرجێک پابەندی ڕێنماییەکان بێت.
پ/ هاوولاتیان بە چ رێکارێک موڵەتیان بۆ نوێ دەکرێتەوە
و/ نوێکردنەوەی مۆڵەت ساڵانەیە و دەبێت پێش بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی هاوڵاتی داوای نوێکردنەوەی بکات بە پێی ڕێنمایی هاوڵاتی دەتوانێ ڕسومی سێ ساڵ بدات و مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە ، هەندێک لە هاوڵاتیان لەکاتی خۆیدا نایەن بۆ نوێکردنەوە ئەمە دەبێت بە کیشەبۆ هاوڵاتیەکەو بۆ بەڕێوەبەرێتیەکەشمان
بۆیە داوکارین کە هاوڵاتیان پێش وادەی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکانیان نوێی بکەنەوە و لە کاتی گواستنەوەی کارەکەی بۆ شوینێکیتر پێویستەگرێبەستی پەسەندکراو لە باجی خانووبەرە بهێنێ بۆ ئەو شوێنە تازەیە.
پ/ کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم خاوەن پیشەکان چین وچۆن چارەسەر دەکرێن
و/ زۆرجار هاووڵاتی هەموو ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکات بەڵام بەهۆی پەسەند نەکردنی گرێبەستەکەی لەباجی خانووبەرە بەهۆی قەرزاری خاوەن موڵکەوە ئەبێتە ئاستەنگ بۆ خاوەن مۆڵەت
زیاد بوونی ڕسومات لە ساڵی 2016 وە بۆتە هۆکاری نوێنەکردنەوەی مۆڵەت بۆیە داوامانکردووە ڕسومات کەم بکرێتەوە و گونجاو بێت لەگەڵ پیشەو کاری هاوڵاتیان
پ/ سنووری کارو چالاکییەکانی بەشی موڵەت کوێ دەگرێتەوە
و/ لەئێستادا سنوری کاری بەشەکەمان ناوەندی شاری سلێمانیە بێشتر هاووڵاتیانی ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە مۆڵەتیان لەم بەشە وەرگرتووە بەڵام بۆ کارئاسانی لە ئێستادا مۆڵەت لەلای خۆیانەوە دەدرێت
پ/ ئایا جگە لە مولەتی پیشەکان، موڵەت بە تیپ و گروپە هونەرییەکان دەدرێت؟
و/ جگە لە پێدانی مۆڵەتی پیشەکان تیپ و گروپی هونەری تۆماردەکرێن لە بەڕێوەبەرێتیمان واتە گروپێکی موزیک یان شێوەکاری یان شانۆ یان گەلەری یان هەرپێکهاتەیەکی هونەری تۆماردەکرێن لە بەڕێوەبەرێتیمان .