دیسان کاتم نیە بۆ مردنێکی تر..
بەیان ئەحمەد
کودەتایەک لەمردن دەکەم
بەتاڵە بچڕاوەکانی گیتارێکەوە
جلێک لەقەرەجێک قەرز دەکەم
و بەپێی پەتی لەوشەقامە پیاسە دەکەم
لەشەوێکی ڤالانتایندا
وشەکان کۆدەکەوە
تامەکان دەگەڕێنمەوە
دڵە پیرەکان فێری خۆشەویستی دەکەم
کوا کات کاتی مردنە
پەنجەکانم دەتەقێنم گیرفانم بەتاڵ دەکەمەوە
لەتوێکڵی قەڵەم
بەپێی نەخشە
دڵی تۆ ئێستا داگیرکراوە
بەپێی پەیمانی سایکس بیکۆ
هەرپارچەیەکی بەر داگیرکارێک کەوتووە
من دەبێت بجەنگم بۆی
چ یاریەکی کوشندەیە
چ جەنگێکی دۆڕاودەکەم
بەڵام کاتم نیە بمرم ئێستا
تا شیرینی نەڕژێنمە سەرلێوت ناڕۆم
تاتۆ نەتکێنم لەو عەیارانەی فریویان دایت
نامرم
تۆ دەزانی من کەی بمەوێت دەمرم
باش دەزانی کە من سەربازێکی بەجێماوی جەنگم
هەموو ناونیشانی مردووەکان لەگیرفانمدایە
دانە دانە دەیان گێڕمەوە
ئەوکات دەمرم
لەوانەیە دەیان سەدە بخایەنێت
تا گومانەکان دەڕەونەوە
وەک هەورێکی چڵکن دەڕۆن
من کچێکی شەرمنم
بەڵام کاتم نیە بمرم
تا هەموو شەپۆلەکان نەبڕم
وەرزەکان ماڵی نەکەم بەویستی من بن
تا ماچێک بەڕاستی نەکەم
ببوورە کاتم نیە بمرم