مرۆڤێک لە سەرزەمینی دوورەوە
دووەم شانۆنامەی بەختیار عەلی
مرۆڤێک لە سەرزەمینی دوورەوە؛ ناونیشانی نوێترین و کتێبی نووسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی-ـە کە شانۆنامەیە. ئەم کتێبە دەبێتە دووەم شانۆنامە دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر یەکەم شانۆنامەی بەناونیشانی “بۆ دۆزەخ.. ئەی بێگوناهان” لە لایەن ناوەندی ڕەهەندەوە بڵاوکرایەوە.
ئەم شانۆنامەیە بڕیارە لە مانگی ئایندە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب کە 8ی مارت ساز دەکرێت لە بەشی ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند بڵاو بکرێتەوە…
سەبارەت بە ناوەرۆکی شانۆنامەکە لەسەر بەرگی پشتەوەی کتێبەکە هاتووە:
“سوپاسالار جەنگاوەرێکی دڕندەیە، دوای یەکێک لە سەرکەوتنەکانی داوا لە سەلیمی بەردەست و خزمەتکاری دەکات، لە ناو دیلەکانی دوژمندا کیژێکی جوانی بۆ هەڵبژێرێت، چونکە بڕوای وایە جەنگ خراپ کاری لە خۆی و لە ئەفسەرەکانی هاوڕێی کردووە و توانای بینین و جیاکردنەوەی جوانییان نەماوە. سەلیم کە لە دیدی سوپاسالارەوە جوانناس و زەوقدارە، یەکێک لە کچە دیلەکان جیادەکاتەوە و دەیگوازێتەوە بۆ ماڵی سوپاسالار لە پایتەخت، بە گەیشتنی کیژەکە ژیانی سوپاسالار و کەسانی دەوروبەری گۆڕانکاریی قووڵیان بەسەردا دێت. نمایشی «میوانێک لەسەرزەمینی دوورەوە»، نمایشێکە دەربارەی توانای خۆوێرانکردن لە مرۆڤەکاندا، دەربارەی ترس و ئیرەیی و ئەفسانەکانمان، دەربارەی پەیوەندی دژوار و کارەساتاویمان بە جوانییەوە.
تێبینی: لە پەیجی ناوەندی رەهەند وەرگیراوە