میرزا ئەحمەدی داواشی
ئا : سروە مورادی “کازیوە”
بابەتی ئەمجارەم لەسەر شاعێر و زانا و ئەدیبێکی هەرەگەورەی ناوچەی هەورامانە بە ناوی (میرزا ئەحمەدی داواشی)
خوالێخۆشبوو ناوی ئەحمەد، کوڕی موحەممەد کە لە ساڵی (1323ی)کۆچی مانگی لە شاری ڕوانسەرسەر بە پارێزگای کرماشان ژیاوە، هەر بە منداڵی دایکی مردووە و لەژێر چاودێری و سەرپەرەشتی و بارهێنانی باوکیدا گەورە بووە، باوکی ئەوەڵین مامۆستای دەبێ و لەگەڵ خورشید نەمای خوشکی لە خزمەتیدا فێری خوێندن و نووسین و قەرائەتی قورئانی پیرۆز دەبێ، تا تەمەنی دە ساڵی ئەرکی فێرکردن و بارهێنانی لە ئەستۆی باوکی دەبێ و پاشان بۆدرێژەدان بەخوێندن و زانستی زیاتر، دەچێتە خزمەتی {مەلا حەسەنی جوانڕۆیی} کە لەو سەردەمەدا لە گوندی “تەم تەم” وانەی گوتووە. تا ماوەیەک لە خزمەت ئەو مامۆستایە دەبێت، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ڕامیاری ئەو سەردەمەوە و بەشداری باوکی لە خەباتی گەلی کورد، بە سەرکردایەتی “سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان” دژ بە حکوومەتی “ڕەزاخان” دەستی لە مەکتەب و مامۆستا دەبڕێ و لەگەڵ شەڕوانانی کوردا لە شاخە بەرزەکانی “شاهۆ” بۆ ڕزگاری وڵاتەکەی تێدەکۆشێ.
بەڵام بە هۆی هۆگری و حەزی زۆری بۆ زانست واز لە خوێندنی کتێبی چاک و بەنرخ ناهێنی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی پلەی زانستی خۆی زیادتر دەکات.
باوکی “میرزا ئەحمەد” لە لایەن حکوومەتی ئەردەڵانەکانەوە بەرپرسی ئەرکی خەزێنەداری و حسێب و کاتبات دەبێ و لەقەب یان نازناوی “داواشی” پێ دەدەن، کە پاش کۆچی دوایی ئەو “میرزا ئەحمەدی” یش هەر بەم نازناوەوە مەشهوور دەبێ، بەڵام لە هۆنراوەکانیدا هەر نازناوی “ئەحمەد” بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ.
بە هۆی وریایی زۆر باشەوە، لە دەوروبەری ساڵی (1320)ی کۆچی هەتاوی “غوڵام عەلی خانی ئەردەڵان”سەرپەرشتی بەشێ زۆر لە مەحاڵ و گوندە کانی شاری “ڕوانسەری” پێ دەسپێرێ کە تا ساڵی (1340) ئەم ئەرکە بە ئەستۆ دەگرێت و لەو پەڕی دەسەڵاتداریدا هەمووکات لایەنگری هەژاران و لێقەوماوان دەبێت.
میرزا ئەحمەدی داواشی” لە گوندەکانی (بابا عەزیز، تەم تەم، قەلانجە، مسکینئاوا، سادقئاوای سەر بە شاری ڕوانسەر} بۆ ماوەیەک ژیانی داوەتە سەر، بەڵام لە گوندی “کانی خێران ” نیشتەجێ دەبێ و تا کاتێ کۆچی دوایی هەر لەوێ دەمێنێتەوە و زۆرینەی ژیانی بە باخەوانی و کشتوکاڵ دەباتە سەر.
“میرزا ئەحمەدی داواشی” لە بنەڕەتدا خەڵکی” شاری جوانڕۆیە” و لە بنەماڵە و هۆزێکی بەناوبانگ و ئازا، بە ناوی “موحەممەد یارک”ە کە ماوایان گوندی “سووریدەر” لە بەشی خۆرهەڵاتی شاری جوانڕۆ، مەشهوور بە “چاڵی هەنجیر” لە نزیکی مەزرای “شێخ ئەبووبەکر” بووە، شایانی باسە ئەم بنەماڵە لە ئەسڵ و نەسەبدا دەچنەوە سەر نەتەوەی “کەریم خانی زەند ” کە لە بنەڕەتدا بە پێی سەرچاوەکان لەکی کرماشانن و ماوەیەک بەسەر شاری شیرازدا دەسەلاتیان بووە و حکومڕانییان کردووە.
“میرزا ئەحمەد داواشی” لە ساڵی (1350ی) هەتاوی لە کۆڕی ئەدەبی و شاعێرانی شاری کرماشان، بەشداری کردووە و تەنها ئەدیبێک بووە کە لە کاتی حەیاتی خۆیدا کۆڕی ڕێز لێگرتنی لە شاری کرماشان بۆ گیراوە. “میرزا ئەحمەد” ئاستبەرزی بیر و هۆشی ئەوەندە زۆر بووە کە تەواوی شێعرەکانی هەر لە سەردەمی لاوی تا پیریدا لەبەر بووە، خاوەنی هونەری “فی البداهە” و زوو جوابی و خێرا وەڵامدانەوە بووە و لە هەر کات و ساتێکدا سەبارەت بە هەر شتێک دەیان شێعر و هۆنراوەی بەیان کردووە،
له ژیانیدا ڕقی لە کەس نەبووە و خاوەن ئاکاری جوان و شیرین بووە و سرنجی بێگانە و خوێشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، پیاوێکی دیندار و بە ئێمان بووە و هەمووکات لە وتارەکانیدا خەڵکی بە تەقوا و پارێزگاری و وەتەن دۆستی و وەتەن پارێزی دەعوەت کردووە.
لە جوانخاسی و دەنگ خۆشیشدا زۆر مەشهوور بووە و بە تەواوی شارەزای نۆت و ئاهەنگ و مووسیقی ڕەسەنی کوردی بووە.
“مامۆستایان شێخ سەعیدی نەقشبندی و مامۆستا سەیید تاهێری هاشمی، مامۆستا مەلا مەحییەدینی ساڵێحی” و چەند نووسەر و ئەدیبی بەڕێز، لە دوای کۆچی، هەرکام مەرسییەی جوان و بەنرخیان بۆ میرزا ئەحمەد نووسیوە.
میرزا ئەحمەدی داواشی کاتێک تەمەنی (79)ساڵ بووە لە نەخۆشخانەی تاران لە ساڵی (1359ی) هەتاوی کۆچی دوایی دەکات و مەلی گیانی بۆ لای یار هەڵدەفڕێ و لە بەر وەسیەتی خۆی، لە لای مەزارگەی “وەیسی قەڕەنی” لە ڕێگای ڕوانسەر بۆ کرماشاندا بە خاک دەسپێردرێ،شایانی باسە میرزا ئەحمەد لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا بەمجۆرە باسی کۆچی دوایی خۆی و دوور کەوتنەوە لە خۆشەویستەکەی دەکات:
……………………….
وە حەڵقەی کڵاف دوو سیای حەیدا
بمپێچە وە تــووڵ باڵای چون نەیدا
زەردی گۆی زەنەخ لیمۆ کاڵەکەی
نەقـش مانییەن چـمان خاڵەکەی
بەرهەم و دیوانە شێعرەکەی:
دیوانی “میرزا ئەحمەدی داواشی” زیاتر لە بیست هەزار بەیت و هۆنراوەی تێدایە کە هۆنراوەکانی بە گشتی دەچنەوە سەر مەکتەبی شێعری گۆران. هەندێ لە شێعرەکانیشی بە شێوەی چیرۆک داناون وەکوو؛
{سەنگ تراش و حەزرەتی مووسا، تۆبەی گورگ، حەجی ڕێوی، مەرگی شاهین و…} کە ئەم تایبەتمەندییە ئەسەلمێنێ کە ئەم ئەدیبە بێجگە لە هۆنراوە و شێعر لە بواری چیرۆک و داستانیشدا دەستێکی باڵای هەبووە.هەندێکی دیکە لە بابەتی هۆنراوەکانی بریتین لە: {موناجاتی عێرفانی لەگەڵ خالقی عالەم و مەدحی پێغەمبەر، هەروەها ئامۆژگاری، تەوسیفی، کۆمەڵایەتی، دینی، ڕامیاری، مەرسیە، مەتەڵ و…}
یەکێک لە جوانترین و هەرە گرنگ هۆنراوەکانی ـ”
“جەنگنامەی هەڵاڵە زەردە”
کە شێعرێکی دوور و درێژە و باسی خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی{سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان} والی کوردستان لە شاخەکانی شاهۆ دژ بە حکوومەتی “ڕەزاخان” کە میرزا ئەحمەدی داواشی خۆی یەکێک لە خەباتگێڕانی ئەو شەڕە بووە و بە جوانی ڕووداوەکان لە نزیکەوە دەگەڕێنێتەوە. شێعرەکانی “میرزا ئەحمەد” جوان و شیرین، خۆشئاهەنگ و مەوزوون و دڵڕفێن، یەک پارچە، ڕەوان و بەلیغ، سەهل و مومتەنێع و لە یەک وشەدا جادووگەرن…
کەمتر بەیتێ لە هۆنراوەکانی ئەبینی کە خاڵی و بێبەش لە جوانکاری و ئارایەکانی ئەدەبی بێت،
بەڕاستی کۆی ئەم هەموو سیفاتە بەدەس نایە، مەگەر ئەوە بە بەخشێشی بزانین لە لایەن پەروەردگاری گەورە و مێهرەبانەوە کە بەو شاعێرە خەڵاتی کردووە.
شاعێر خۆی ئەم بەهرەیە بە بەش و لوتفێک لە لایەن پەروەردگارەوە دەزانێ کە لە دوای خەوێک لە ئەشکەوتی “مەڕکەیوانۆ”ی کێوی شاهۆ نسیبی بووە. ئەمەش چەند نموونەیەکە لە هۆنراوەکانی شاعێر
میرزا ئەحمەد داواشی کە فیلبیداهە، لە وەڵامی دەم چەپەڵیی سەرگوردێکی خۆفرۆشی کورد، سەبارەت بە گەلی کورد، گوتویەتی:
خۆ کورد، باوک کورد، باوا گەورە کورد
ئێژی، کورد کەرە جەنابی سەرگورد؟
حەیفە ئەسڵ خۆت، بەرداگە لە دەس
بووگی وە نۆکەر بێگانەی تەرەس
هەر خۆت چەپەڵی، سەر تا پا هەر نەنگ
نییە هیچ گەلێ وەک کورد با فەرهەنگ
میرزا ئەحمەد ئەم شێعرەی بۆ کەسێک گوتووە کە بێ شارەزایی و زانستی دینی، فتوای داوە
نە مەڵا و نە نیمە مەڵا
بێ سەواد و دەم بەرەڵا
بۆ گیانی مەردم بوویتە بەڵا
دەروون مەفرەق، ڕووکەش تەڵا
بەسە ئیتر دەمت بوەس
فتوا مەدە لە ڕووی هەوەس
عەقڵ وە کەلەس، نەک وە مەلایی
نان وە خوداس نەک وە فەلایی
خودا بدا ڕزقی کەسێ
لە ئاتای غەیب بۆی ئەڕەسێ
خودا بووڕێ ڕزقی کەسێ
چاوی ئەقوچێ و دەمی ئەوەسێ
میرزا ئەحمەدی داواشی جیا لە تەوەرانەی کە ئاماژەم پێداون هەندێ پێشبینیشی لە دووتوێی هۆنراوەدا باس کردووە کەسەرە ڕای وێکجوونیان لەگەڵ هۆراوەکانی تایەربەگی جاف ڕەنگ و بۆی نیشتیمانپەروەرانەیان پێوە دیارە و باس لە یەکگرتوویی و هەڵگیرسانی شۆڕش دەکات کە وەک حوسنی خیتام
هەر وا بووگە و و هەر وا ئەوێت
خوشک و برای مەهابادی
گشت لێ بدەن تەپڵی شادی
کوڕ و کەنیشک و ژن و پیاگ
هەڵ کەن بەیداخی ئازادی
بۆ ئازادی، لە مافی ژین
بە یەکێتی و بە هێزی تین
چ کاریگەر چ زارعین
تێ هەڵدە کەن مورتەجعین
هەروا بووگەو هەروا ئەوێت
ئاخر ئەمر هەروا ئەوێت
ئێران وەکوو تەنوور ئەوێت
پڕ لە ئاگری سوور ئەوێت
بلادی فارس خاپوور ئەبێت
پڕ لە شین و شتوور ئەبێت
هەروا بووگە و هەر وا ئەوێت
ئاخر ئەمر هەروا ئەوێت
دەمێ دەورەی مەلا ئەبێت
ئێران پڕ لە بەڵا ئەبێت
سەنگەر لە قەڵا ئەوێت
قەتڵ بە ناو”الڵە” ئەبێت
هەروا بووگە هەروا ئەبێت
ئاخر ئەمر هەروا ئەبێت
جەنگی سێهەم شرووع ئەوێت
لە هند و چین وقووع ئەوێت
قەتعی تۆبەی نەسۆح ئەوێت
شیووعی ساحێب فتووح ئەوێت
دەستێ ترە خەریک ئەوێت
ئێسلام لەوا شەریک ئەبێت
هەروا بووگەو هەروا ئەوێت
ئاخر ئەمر هەروا ئەوێت
هاوڕێیانی هێژا، لێرەدا هاتینە کۆتایی بابەتی ئەمجارەیشمان، هیوادارم توانیبێتم ئەو کەڵە شاعیرە وەک خۆی بە هۆگرانی وێژەی کوردی بناسێنم و ڕزامەندی ئێوەی هێژام بەجێ هێنابێت.