نزا
سەردار حەسەنی
یا شێعرەکانی شەکەت و
یا کۆڵانی دەم بە دووکەڵ
یا گۆرانی برینپێچوو
یا چۆڕکە سوورەکانی زام
یا چاوە نیوەکانی درزی شەو
یا ئایەتی بریقەی چاو
یا چاکانی دەرماڵی ڕق
لە چاوی پەنجەرەدا زامێکی لەت و لیوار بە جێماوە
بە حەوسەڵەی کۆڵانیشدا دو چۆڕکەی سوور
دەست و هەوا و هەوایەک تر
لە چریکە و چەمەری و چۆپی
پارادۆکسی جۆغڕافیا و
ئەو دەستانەی لە سینگی خەوەری شەودا
یەکانگیر بوون
یا دیوارە حەشارەکان
کە پشتی ڕاستەقینەی هاوار بوون
لە ناو لێزمەی بارینی بەرینی شەوااا
هیممەت و بەرەکەتتان حازر بێ
دەستە کاڵەکانی ئەمڕۆ و
چاوە گەییوەکانی دوێ
لەمە زیاتر لەم عەزابی ئەلیمی پەنجەرەدا با نەوەستین
لەمە زیاتر با شار نەدا بە هەرددا
یا هیممەتی پیرانی با و
یا نزوولەی دایکانی کپ
لەمە زیاتر با نەبێتە کێلی خۆمان ئەوەی ناوی نراوە ماڵ
بەشکەم هاواری پیادەڕەو بتانگرێ و
دەسی باران لەو دوورانەوە بێنەوە و
ئێمەیش خاکی بەرپێی خاسان