چۆن منداڵەکانمان بە گەشبینی پەروەردە بکەین؟
و : رەفعەت مورادی
یارمەتیان بدەن تا سەرکەوتن تاقی بکەنەوە
کاتێک منداڵان سەرکەوتنیان تەنانەت لە بەرامبەر کێشە گەورەکاندا تاقی بکەنەوە زیاتر باوەڕیان بە خۆیان دەبێت و هەست بە گەشبینی دەکەن،رێگە بدەن بە مناڵەکانتان خۆیان کارەکانیان جێبەجێ بکەن واتە ئێوە یارمەتیدەربن، نەک جێبەجێکەر، هەروەها سەرکەوتن و هەوڵەکانیان بەرز بنرخێنن، بۆ نمونە رێگەیان بدەن هەندێک لە ئەرکەکانی ماڵ جیێبەجێ بکەن، وەک کۆکردنەوی جلوبەرگ و یارییە منداڵانەکان و…هتد، ئەگەرچی لەوانەیە لە کاتی ئیوە بگرێت.
نرخ بۆ سەرکەوتنەکانیان دابنێن
کاتیک مناڵەکانتان لەبەردەم سەرکەوتنێکدان، یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەشدار بوون لە دەستەبەر کردنیدا و چلۆن هەوڵیان بۆ داوە، ئەو کارەیان وەک خاڵێکی بەهێزیان ناو ببەن، بۆ نمونە پێیان بڵێن: “تۆ لە تاقیکردنەوەکەتدا باش کارت کرد، تۆ زۆر زیرەکیت” یان “تۆ زۆرت هەوڵدا تا ئامادە بیت بۆ تاقیکردنەوەکەت” نابێت شتێک بڵێن کە دوور بێ لە راستی.
مناڵەکان لە ستایشکردنی ناڕاست و فریودەرانە تێدەگەن، بەڵام لەبەر گەشەکردن و سەرکەوتنەکانیان ستایشیان بکەن تا زیاترمتمانە بە خۆیان بکەن و ببیتە هۆی گەشبینیان.
گەڕان لە پێناو سەرکەوتنەکانی دواڕۆژ
سەرنج بدەنە ئەو تایبەتمەندییانەی کە مناڵەکانتان هەیانە و دەبنە هۆی سەرکەوتنیان، هەروەها بەدواداچون بۆ ئەو سەرکەوتنانە بکەن کە لەم تایبەتمەندییانەیانەوە سەرچاوە دەگرن،بۆ نمونە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە تاقیکردنەوەکەیدا کە بەهۆی ئاماژەی ئێوە بە هۆش و زیرەکی مناڵەکەتان دەستەبەری کردبوو، ئەم تایبەتمەندییەی یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی لە بوارێکی تردا ودیاریکردنی ئامانجەکانی دواڕۆژی.
بەبێ هۆ ستایشیان مەکەن
لێکۆڵەرەوان بڕوایان وایە لە باتی ئەوەی هەمو کارەکانی بە باش و سەرکەوتوو بزانین، دەبێ یارمەتی منداڵان بدەین سەرکەوتن تاقی بکەنەوە و لەگەڵ ئاستەنگ و کێشە راستەقینەکاندا بەرەوڕوو ببنەوە، بەم کارە دەبنە هۆی پەراوێز خستن و سەرەرۆیی مناڵەکانتان، بەمەش لە بەرامبەر خەمۆکیدا زیاتر زیانیان پێدەگات، کەواتە دان بە سەرکەوتنەکانیاندا بنێن وبەڵام کاتێک هەوڵەکانی سەرکەوتوو نین، دەست خۆشی لەو هەوڵدانەیان بکەن.
گوێیان بۆ راگرن بەڵام لە هەمانکاتدا پرسیاریان لێ بکەن
کاتێک منداڵ لەگەڵ کیشەیەک یان دۆخێکی نەشیاودا رووبەڕوو دەبێتەوە، هاودەردییان لەگەلدا بکەن و کۆمەڵێ پرسیاری لێ بکەن کە ببێتە هۆی ئەوەی گەشبینانە سەیری دۆخەکە بکات.
بۆ نمونە ئەگەر مناڵێک نایەوێت لەگەڵیدا یاری بکات ، ئەوا سەبارەت بە برینداربوونی هەستی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و رێگە بدەن هەستەکانی خۆی بەیان بکات و لێی بپرسن کە ئایا هاورێکانی دیکەی دەیانەوێ لەگەڵیدا یاری بکەن؟ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لە باتی حاشاکردن،هەستی خۆی دەربخات.
لە بەرەو رووبوونەوە لەگەل کێشەکان، سەرکەوتنەکانی بیر بخەنەوە
کاتێک دۆخەکە بۆ ئەو نەگونجاوە،لێی تێبگەن و یارمەتی بدەن تا سەرنج بداتە ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستی هێناوە ، داوای لێبکەن کە بیر لەو سەرکەوتنانە بکاتەوە بە دەستییان دەهێنێت.
بۆ نمونە: ” تێدەگەم کە تۆ لەبەر ئەوەی ده رجەیەکی خراپت بەدەست هێناوە نیگەرانی، بەڵام ئەگەر کاتی پێویستت لەبەردەست بوایە دەرەجەیەکی باشترت بەدەست دەهێنا، دڵنیام جاری داهاتوو لە تاقیکردنەوەکەتدا باش دەبیت” هانی بدەن هەوڵ بدات بۆ سەرکەوتن.
بەدوای هەلێکدا بگەڕێن بۆ باشترکردنیان
یەکێک لەبنەماکانی گەشبینی ئەوەیە کە دایک و باوک لە جیاتی سەرزەنشت کردنی مناڵەکانیان باشتروایە کارەکانیان هەڵبسەنگێنن و لە هۆی سەرنەکەوتنیان بکۆڵنەوە و یارمەتی منداڵەکانیان بدەن کە لە داهاتوودا باشتر کارەکانیان جێبەجێ بکەن و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن.
لایەنی ئەرێنی دۆخەکە رەچاو بکەن
یارمەتی مناڵەکەت بدە کە لایەنی باش و خراپی دۆخەکە ڕەچاو بکات و ئەو هەلومەرجە خراپانەش ببینێ کە هاتۆنەتە پێش.
بۆ نمونە ئەگەر لە بەر باران مناڵ ناتوانێت لە دەرەوەی ماڵ یاری بکات دەرفەتێکی بۆ برەخسێنن بۆ ئەوەی بە تێروانینێکی ئەرێنی سەیری یاری ناوماڵ بکات و هەلومەرجێک فەراهەم بکەن کە چێژ لە یاری ناوماڵ وەرگرێت،یان ئەگەر قاچی شکاوەو ناتوانێت یاری بکات ، داوا لە هاوڕێکانی بکەن سەردانی بکەن.
نازناوی خراپ بەکارمەهێنن
یارمەتیدەر بن رەفتارە نەشیاوەکانی مناڵەکەتان بگۆڕن، بەڵام وشەو ناو و ناتۆڕەی ناشیرین لەبەرامبەریاندا بەکار مەهێنن، مناڵەکان بە پێی چاوەڕوانیەکانی ئێوە دەجوڵێنەوە، کەواتە ئەگەر ئێوە وتتان :مناڵەكەمان هاروهاجە یان زۆر شەرمنە، لەوانەیە ئەو وشە هاکەزاییانە ببنە کەسایەتی هەمیشەییان، ئەمەش زیان دەگەیەنێت بە باوەڕ بەخۆبوونی منداڵ و ئەم هەڵوسوکەوتەش کە دڵخوازی ئێوە نییە، بەردەوام دەبێت.
ئێوە نمونەن بۆ مناڵەکانتان
بتانەوێ و نەتانەوێ مناڵەکانتان وەک نمونەیەک سەیری ئێوە دەکەن،خاڵی پۆزەتیڤی ئەم هەڵسوکەوتە ئەوەیە کە ئێوە ئەتوانن بە هەڵسوکەوتی خۆتان ئەوەی ئەتانەوێ فێری مناڵەکانتانی بکەن.
لەبارەی خۆتان گەشبین بن و کاتێک سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنن بە کەم مەیگرن و بەرزی بنرخێنن،کاتێکیش هەڵەیەک روودەدات یان بەرەو ڕووی شکست دەبنەوە، دۆخەکە بە ڕەشبینی خراپتر مەکە.
سەرچاوە: www.movafaqhiat.com