کارکردی سیاسی زمان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایكەوە
ن: مستەفا زاهیدی
زمان گەنجینەیەكی كولتوورییە، هەر زمانە و هەڵگری كۆمەڵێك كولتووری تایبەتە كە ئاخێوەرانی ئەو زمانە لە زمانەكانیتر جیادەكاتەوە، لەناوچوونی ئەم گەنجینە كەلتووریانە مەرگی بەشێك لە شارستانییەتە كە تا ئێستە مرۆڤایەتی پێیگەیشتووە. بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی بەشێك لە وڵاتانی داگیركەر و كۆلۆنیالیستەوە ژمارەیەكی زۆر لەزمانەكان لەناوچوون و لەناوچوونی ئەو زمانانەش مەرگی ئەو كولتوورانەیە كە بەشێكن لەگەنجینەی شارستانیەت. سەردەمی ئێستە كە بە سەردەمی مۆدێرنیتی یان گلۆبالیزاسیۆن یان هەر ناوێكیتری لەو چەشنە بكرێت ناوی بنرێت، دەبێت سەردەمێك بێت كە لەخۆیدا فرەچەشنی كۆبكاتەوە، ئەمە پێچەوانەی ساڵانی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی بیستەمە كە داگیركەران و كۆلۆنیالیستەكان هەوڵیان دادەا ئەو وڵاتەی داگیری دەكەن لەڕابردووی خۆی داببڕن. كۆلۆنیالیستەكان و داگیركەران، زمانی خۆیان دەكرد بە زمانی زاڵ لەو وڵاتە و هەموو بەرنامە و پلانیان بۆ ئەوە بوو زمانی دایكی ئەو ناوچە جوگرافیاییە، یان ئەو وڵاتە لەناو ببەن. سوورپێستەكانی ئەمریكا و ئەوانەی بە هێندییە سوورەكان ناویان لێدەبرێت، بوون بە بەشێك لەمێژوو و لەئێستەدا لەوانە مێژووییەكاندا باسیان لێدەكرێت و بووە بە بەشێك لە لێكۆڵینەوەی ئاركۆلۆژیستەكان. زۆر زمانیتر لە شوێنە جیاوازەكانی دونیا بەهەمان چارەنووس ڕۆیشتوون، یان لەئێستەدا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. هەر لەمڕووەوە ڕێكخراوی یۆنسكۆ ڕۆژی 21فێبریواری وەك ڕۆژی زمانی دایكی و پاراستنی زمانی دایكی دیاری كردووە.
ساڵی 1999 یۆنسكۆ بەمەبەستی پاراستنی زمانەكان، وەك سەرمایەیەكی نەتەوەیی سەرجەم گەلان و هەروەها بۆ بەرگرتن بە لەناوچوونی زمانی كەمینەكان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو كات نزیك بە 3000 زمان لەمەترسی لەناوچووندا بوون، ڕۆژی 21 فێبریواری وەك ڕۆژی زمانی دایك دیاری كرد. یۆنسكۆ ئەودەم لەیەكەم ڕاگەیاندنی خۆیدا ڕایگەیاند، نزیك بە نیوەی زمانەكانی دونیا لەمەترسی لەناوچووندان، مەرگی هەر زمانێك مانای لەناوچوونی كۆمەڵێكی زۆر لە كولتوور و داب و نەریتی ئەو خەڵكانەیە كە بەو زمانە قسە دەكەن.
زمانی دایكی وەك چۆن بە ناوەكەیەوە دیارە، واتە ئەو زمانەی كە منداڵ بۆ یەكەمجار لەدایكی دەبیسێت و ئەو زمانە فێر دەبێت. هەر لەم ڕووەوە زمانناسەكان هەندێجار لەبری زمانی دایك چەمكێكیتر بەكار دەبن كە ئەویش چەمكی زمانی یەكەمە و بەو زمانانەی كە دواتر فێری دەبین دەڵێن زمانی دووهەم.
زمانی دایكی و خوێندن و نووسین و فێربوونی زمانی دایكی یەكێك لە بنەماییترین مافەكانی تاكە لە كۆمەڵگادا و بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، هەر كەس ئەو مافەی هەیە بە زمانی خۆی بخوێنێت و بنووسێت و قسەبكات. زمان لەباری كۆمەڵایەتییەوە پردی پەیوەندی نێوان كەسەكانە و لەباری سیاسییەوە شوناسی نەتەوەیی، نەتەوەكانە و یەكێكە لەو خاڵانەی كە نەتەوەیەكی پێوە دەناسرێتەوە.
پەروەردە و بارهێنان و خوێندن بەزمانی دایكی، لەبەشێكی زۆر لەبەڵگە و پەسەندكراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤ، لەوانە جاڕنامەی زمانی دایكی، ڕاگەیاندنی جیهانی مافی زمان، ڕاگەیاندنی مافی تاكەكان سەربە كەمایەتییە نەتەوەیی، زمانی، ئایینیەكان و كۆنوانسیۆنی مافی منداڵ و زۆر بەڵگەیتردا ئاماژەی پێدراوە.
خوێندن بەزمانی دایكی یارمەتی منداڵ دەدات كە مێشكی كراوە بێت و زۆر ئاسانتر لەبابەتەكان بگات. ڕاستەوخۆ بیر بكاتەوە و خێراتر بەسەر كێشەكاندا زاڵ بێت. توانای بیركردنەوەی بەهێز بێت. خوێندن بەزمانی دایك ئەو هەستە بەمنداڵ دەدات كە خاوەنی كەسایەتی خۆیەتی و بڕوای بەخۆی بێت، شانازی بەخۆی بكات كە خاوەنی كەسایەتی سەربەخۆیە. ئەو دەرفەتە زیاتر دەخاتە بەردەم منداڵان زیاتر گەشە بكەن و یارمەتییان دەدات خێراتر زمانەكانیتری جیاواز لەزمانی دایكی فێربن.
لەم ڕووەوە یۆنسكۆ و سەرجەم ڕێكخراو و ناوەندەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ و مافی منداڵان جەخت لەسەر گرینگی فێربوونی زمانی دایك دەكەنەوە، بەتایبەت لەوڵاتە فرەنەتەوەكاندا. یۆنسكۆ و سەرجەم ڕێكخراوە پارێزەرەكانی مافی مرۆڤ ئاگاداری ئەو زوڵمانەن كە لەزمانی كەمینە نەتەوەیی و زمانی و ئێتنیكییەكان دەكرێت لەلایەن دەسەڵاتە باڵادەستەكانەوە كە نوێنەرایەتی زمانێك دەكەن و لەوڵات وەك زمانی ڕەسمی دەیناسێنن. هەروەها بەمەبەستی خۆجێگیركردنی خۆیان وەك نوێنەری زمانی داسەپاوی ڕەسمی بەربە هەر چەشنە فێركردنێك بە زمانی جگە لەزمانی ڕەسمی دەگرن لەو وڵاتە. هەر بۆیە خوازیاری پاراستنی زمانی دایكن و پاراستنی زمانە دایكەكان بە ئەركێكی كولتوری-سیاسی دەزانن.
یەكێك لەو نەتەوانەی كە لەلایەن داگیركەرانەوە كە خۆیان بەدەسەڵاتی ڕەسمی ناسیوە زمانەكەی قەدەغە كراوە، نەتەوەی كورد بووە. گەلی كورد بەدرێژایی چەندین دەیە لەلایەن داگیركەرانەوە بەشێكی زۆر لەمافە نەتەوەییەكانی پێشێل كراوە. هەوڵی ئاسیمیلەكردنی ئەم نەتەوەیە دراوە و هەوڵ دراوە شوناسە نەتەوەییەكانی لێبسەندرێتەوە و بەتاڵبكرێتەوە لەناسنامەی خۆی. زمانەكەی قەدەغە كراوە و بۆی نەبووە بەزمانی خۆی بخوێنێت و بەزمانی خۆی بنووسێت، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە و لەیەكەم ڕۆژەكانی خوێندنەوە منداڵی كورد ناچار دەكرێت بە زمانێكیتر جیاواز لەزمانی دایكی بخوێنێت و گوێی لەزمانێك دەبێت جیاوازە لەو زمانەی ئەو عادەتی پێگرتووە. تەنها بەشێك لەكوردستان لەم ڕووەوە جیاواز بووە كوردستانی باشوور بووە. لە سێ پارچەیتری كوردستان، خوێندن بەزمانی دایكی و زمانی كوردی قەدەغەیە و لەسیستەمی پەروەردەدا ڕێگە پێنەدراون.
لەئێراندا و بەتایبەت لەسەرەتای سەدەی بیستەم و دوای دامەزرانی ئەو شتەی پێی دەوترێت ئێرانی مۆدێڕن، زمانی فارسی بوو بە زمانی ڕەسمی لەئێران و زمانی نەتەوەكانیتر پەراوێز خران، خوێندن و نووسین بوو بە زمانی فارسی و سەرجەم كارە ئیدارییەكان و نامەی ئیداری بەم زمانە دەكرا. زمانی ڕەسمی وڵاتێك، واتە زمانەكانیتر بوونیان بچێتە ژێر پرسیارەوە؛ هەوڵ بدرێت بسڕدرێنەوە. سڕینەوەی ئەو زمانانە واتە سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییان لە چوارچێوەی دروستكردنی ئێرانێكی تاك نەتەوە كە خەونی دەسەڵاتی ناوەندە.
نەتەوەی كورد لەكوردستانی ڕۆژهەڵات یەكێك لەو نەتەوانەیە كە دوای دروستبوونی ئێرانی مۆدێڕن مافەكانی پێشێل كراوە و لەڕاستییدا زۆرجاریش هەوڵدراوە نكۆڵی لەبوونی نەتەوەیەك بەناوی كورد بكرێت. زمانی ئەم نەتەوەیە قەدەغە كراوە و بەهۆی بوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی لەكوردستان، زمان تەنها كاركردێكی كولتووری نییە، بەڵكوو سیاسیشە. لەلایەكەوە دەسەڵات بەمەبەستێكی سیاسی هەوڵی سەركوتی ئەم زمانە ئەدات و لەلایەكیتریشەوە چالاكانی كورد خوازیاری پاراستنی ئەم زمانەن و ئەمەش خۆی ڕەنگێكی سیاسی ئەگرێت.
لەدوای هاتنە سەركاری ڕژیمی ئیسلامی و ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی، سەرەتا ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو كۆمەڵێك بەڵێنی بەنەتەوەكانی ئێران و لەوانە نەتەوەی كورددا، لەوانە ماددەی 15 قانوونی ئەساسی ئەم ڕژیمە كە باس لەئازادی خوێندن بەزمانی دایكی نەتەوەكان ئەكات لەئێران، بەڵام ئەم ماددەیە جگە لەچەند هەوڵێكی بچووك تا ئێستە لەئێران هەر مرەكەبی سەر كاغەزە و كاری پێنەكراوە. مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایكی بۆ گەلی كورد لە قوتابخانەكان وەك سەرجەم مافەكانیتری ئەم نەتەوەیە لەئێرانی ژێر دەسەلاتی كۆماری ئیسلامیدا، پێشێل كراوە.
ئەفسانەی زمانی سەرتر كە دەسەڵاتی باڵادەست لەئێران، وەك بەشێكی زۆر لە وڵاتە داگیركەرەكان درووستی دەكەن، ئەفسانەیەكە ئەگەر بە وشیارییەوە ڕووبەڕٍووی نەبینەوە خۆی دەكات بەواقعی زاڵ. بەشێك لەزمانە لۆكاڵییەكانی هێندوستان بەوە نەمردن كە لەلایەن بەریتانیاوە ناچار دەكران بە ئینگلیزی بخوێنن و بنووسن، مەرگی ئەو زمانانە ئەو كاتە دەستیپێكرد كە لەناو بنەماڵەكانەوە دەستكرا بەقسەكردن بەزمانی ئینگلیزی لەگەڵ منداڵەكان و زمانی ئینگلیزی وەك زمانی سەرتر خۆی بەخەڵكی ئەو ناوچانە ناساند و زمانی لۆكاڵی خۆیان بووبە زمانێك كە وەك زمانی گوندی و ڕەشۆكیانە دەزانرا. ئەم چیرۆكەش ئێستە لەبەشێك لەشارەكانی كوردستان و لەناو ژمارەیەك لە بنەماڵەكانی كوردستان دووبارە دەبێتەوە. زمانی فارسی وەك زمانی سەرتر چاو لێدەكرێت و بەداخەوە ژمارەیەك لەبنەماڵەكان هەوڵدەدەن بە زمانی فارسی لەگەڵ منداڵەكانیان قسەبكەن، هەوڵدانێك كە دەبێت بەهۆی دابڕانی ئەو منداڵە لە زمانی دایكی و لەكۆتاییدا لە دەستدانی ناسنامەی خۆی. بەخشینی وشیاری بە بنەماڵەكان لەڕێگەی جیاوازەوە، ڕێگایەكە بۆئەوەی لەحاڵێكدا دەسەڵات سیستەمی خوێندنی كردووە بەفارسی وەك زمانی زاڵ و میدیاكان بوون بە دەمڕاستی زمانێك كە خۆی بە باڵادەست دەزانێت، بنەماڵەكان ببن بەسەنگەری پاراستنی زمانی كوردی بەرامبەر بە زمانی زاڵی داسەپاو.
زمان لە ئێستەدا تەنها كاركردێكی كولتووریی نییە، بەڵكوو زمان كاركردی سیاسیشی هەیە. تواندنەوەی زمانێك و هەوڵدان بۆ بەسووك تەماشاكردن یان نەهێشتنی ئەو زمانە، هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی سەرجەم قەبارەی سیاسی-كولتووری ئاخێوەرانی ئەو زمانە.