کتێبی “مرۆڤی بە ئاوەز” بڵاو کرایەوە
کتێبی “مرۆڤی بەئاوەز” لە نووسینی نووسەری ناوداری ئیسرائیلی “یوڤال نۆح هەراری” لە زمانی ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و لە لایەن وەشانخانەی “مادیار”ەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڵاو کراوەتەوە.
ئەم کتێبە لە لایەن (دوکتۆر عەبدوڵڵا ئەمینی)ەوە کراوە بە کوردی و بە چاپ و دیزاینێکی جوان کەوتۆتە بازاڕ.
دەربارەی ئەم کتێبە لە پەیجی تایبەت “مادیار”دا لە فەیسبووک نووسراوە:
کتێبی “مرۆڤی بەئاوەز” بەسەرهاتی سەرهەڵدانی جۆرێکی مرۆڤ، واتە “مرۆڤی بەئاوەز”، دەگێڕێتەوە کە تا ئێستا سێ قۆناغی سەرەکیی مێژوویی تێپەڕاندووە. بە ڕوودانی “وەرچەرخانی مەعریفی” وەک یەکەم قۆناغ، مرۆڤی بەئاوەز لە ڕووی توانایی زەینییەوە بە سەر باقی جۆرەکانیتری مرۆڤدا سەرکەوتووە و پاشان لە قۆناغی “وەرچەرخانی وەرزێریی”دا لە گوند و شارەکاندا نیشتەجێ بووە و بۆ واتابەخشین بە ژیانی دامودەزگای ئیمپراتۆریی، ئایین و ئایدۆلۆجیاگەلی جۆراوجۆری دامەزراندووە. هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی “وەرچەرخانی زانستیی”، ئاسۆی بیر و ئاستی زانستی مرۆڤی بەئاوەز دەرهەق بە خۆی و جیهان گەلێک بەرینتر بووە و بەهۆی کەرەستەگەلی تەکنۆلۆجیک هەم بە سەر گۆی زەویدا زاڵ بووە و هەمیش بۆ ناسینی ئەستێرەگەڕۆکەکانیتر پەلی هاویشتوە. بەم چەشنە، مرۆڤی بەئاوەز لە بوونەوەرێکی تەریک و بێدەسەڵات بووە بە خودای سەر زەوی؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک داهێنانی ناوازەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان ئاراستە کردووە، کەچی نەیتوانیوە ڕێژەی ئازارەکانی مرۆڤ کەم کاتەوە و ژیانێکی بەختەوەرانە بەرهەم بهێنێت. سەرەڕای ئەمەیش، مرۆڤی بەئاوەزی ئێستا زیاتر لە هەموو چرکەساتێکی مێژوو هەست بە بێواتایی و بێهیوایی دەکات. تۆ بڵێی ئەم ڕەوتە هەر بەرەو ئاقاری تاریکی و بێهیوایی زۆرتر پەل بهاوێژێت؟