کتێبی “چیرۆکەکانی ئەدیبێک”
(بەختیار عەلی) پێشەکی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە.
وەک بەرهەمی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بەسپۆنسەری زۆر بەڕێز (د. تەها ڕەسوڵ) نوێترین بەرهەمی من، کتێبی “چیرۆکەکانی ئەدیبێک” ئامادەی چاپە، کە ئەم کتێبە، گفتوگۆیەکی درێژی هەمەلایەنەی منە لەگەڵ نووسەرو چیرۆکنووس مامۆستا حسێن عارف کە تیایدا دەربارەی قۆناخی(منداڵی، ژیانی خێزانی، سەرەتاکانی ئاشنابوونی بەکتێب و دواتر، خوێندنەوەو نووسین و بڵاوکردنەوە، دیدگای بۆ شیعرو چیرۆک و ڕۆمان، دواتر بزوتنەوەی ڕوانگەو گۆڤاری هاوکاری و کاروان و گەلاوێژی نوێ و حزبایەتی و پێشمەرگایەتی و دروستکردنی دەزگای سەردەم و پاشان چوونە پەرلەمان و زۆر بابەت و پرسی دیکەی ئەدەبی ژیانی مامۆستا گفتوگۆمان لێوەکردوە. هەربۆ ئەم کتێبە، نووسەرو ڕۆمانووس (بەختیار عەلی) پێشەکییەکی ئێجگار جوان و سەرنج ڕاکێشی، دەربارەی کاریگەریی ئەزموونی مامۆستای لەناو ڕۆشنبیری و ئەدەبی ئێمە، نووسیوە، کەلە بەشێکیدا دەڵێت” لەدایکبوونی چیرۆکنوسێکی ڕاستەقینە، وەک هێما و ئاماژە وایە بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی مێژوویی قووڵ. حسێن عارف نوێنەری ئەو چرکەیەیە کە تێیدا جیهانێکی نوێ لەدایکدەبێت، جیهانێک تێیدا ڕوداوە بچوکەکان، هەستە ڕاگوزەرەکان، هەڵوێستە وردەکان، جێگا پەراوێزیی و بێبایەخەکان، شوێنێکی گرنگ وەردەگرن. هیچ نوسەرێکی ئێمە نییە وەک حسێن عارف بتوانین ناوی بنێین، چیرۆکنوسی هەستە ئینسانییە سادەکان، چیرۆکنوسی مرۆڤە پەراوێزییەکان. پاڵەوانەکانی ئەو مێژوو دروست ناکەن، ئیدیعای شتی گەورەیان نییە، بەڵکو زۆر سادە کێشە سیاسیی و ڕۆژانەکانی خۆیان دەژین، کاتێکیش کە دەمرن یان لە ناودەچن، هەر لە ناو ئەو وێنە سادەیەدا دەمێننەوە.”
ئا: هێمن مامەند