فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی کوردیی
رانانی: هووشەنگ فارۆق
فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی کوردیی ناونیشانی فەرهەنگێکی قەبارە گەورەی مامۆستا شاسوار هەرشەمییە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە لە سلێمانی دەرچووە. خۆم وەکو کەسێک کە پسپۆڕییەکەی زانستی زمانە، ئەگەرچی پسپۆڕیی وردیشم لە ئێتیمۆلۆژی نیە، بەڵام زۆر ئارەزوومەندی خوێندنەوەی ئەو لێکۆڵینەوەوانەم کە لەو بوارەدا ئەنجام دەدرێن. بەتایبەتیش مەبەستم ئیتیمۆلۆجی زمانی کوردییە، چونکە ساغکردنەوەی ڕیشەی مێژوویی هەزاران هەزار وشەی کوردیی و دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانیان بەشێوەیەکی زانستیانە، کارێکی ئاسان نیە و کەمن ئەو کەسانەی یان ئەو نووسەر و ئەکادیمیستانەی خۆیان لەقەرەی ئەو لایەنە داوە.
فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی کوردیی لە سێ بەرگی قەبارە گەورەدا چاپکراوە. ژمارەی لاپەڕەکانی بەسەریەکەوە ٣٢٨٥ لاپەڕەیە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
بەرگی یەکەم: ١٠٦٩ لاپەڕەیە
بەرگی دووەم: ١٠٦٢ لاپەڕەیە
بەرگی سێیەم: ١١٥٤ لاپەڕەیە
گرنگیی ئەم فەرهەنگە لەچیدایە؟
بە بڕوای من چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم فەرهەنگە وەرچەرخانێکی گرنگ و ناوازەیە لەمێژووی لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردیی و ئیتیمۆلۆژیی زمانەکەمان. مامۆستا شاسوار هەرشەمی کارێکی یەکجار گرنگ و بایەخداری ئەنجام داوە کە بەداخەوە تا ئێستا ئەوە نزیکەی ساڵێکە کتێبەکە کەوتۆتە بازاڕەوە کەچی هیچ پسپۆڕێکم نەبینی خوێندنەوەیەک یان هەڵسەنگاندنێکی ئەکادیمیانە و بابەتیانەی بۆ بکات و بەها و نرخی ڕاستەقینەی ئەم کارە گرنگە بۆ خوێنەران و توێژەرانی بوارەکە، ڕوون بکاتەوە.
لە دیدی متەوازیعانەی بەندەوە، دەکرێ کارە زانستیەکەی مامۆستا شاسوار لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:
1. فەرهەنگەکە ژمارەیەکی یەکجار زۆری وشە و زاراوەی کوردیی لەخۆگرتووە کە هیچ کارێکی پێشووتر بەدرێژایی سەدەی بیست و تا ئێستاش (مەبەستم ئەو کارانەی کە لە بواری ڕیشەناسیی و مێژووی وشەی کوردییدا نووسراون) ئەوەندە وشە و زاراوەیان لەخۆنەگرتووە. بەڵێ پێش ئەم بەرهەمەی مامۆستا هەرشەمی، کاری زانستیی ورد و جوان کراون بەڵام لەسەر ژمارەیەکی سنوورداری وشە و زاراوەی کوردیی بووە. بۆ نموونە نووسەر ئاماژەی بە بەرهەمە زانستیەکانی جەنابی دکتۆر فاروق عومەر سدیق داوە و لەوەشدا درێغیی نەکردووە. لە ڕاستییدا کارە زانستیەکانی دکتۆر فاروق ناوازەن و جێ پەنجەیان لەو بوارەدا زۆر دیارە و لە حەفتاکانەوە بەڕێزیان بەبەردەوامیی دەنووسن بەڵام ئێمە لێرەدا قسەمان لەسەر فەرهەنگە نەک توێژینەوەی سەربەخۆ لەسەر زاراوەکان بەجیا.
2. نووسەر شارەزاییەکی وردی هەیە لەبارەی زمانە ئێرانیە کۆنەکانی وەکو ئاڤێستا و پەهلەویی؛ ئەمەش وایکردووە زانستیانە بەدوای ڕیشەی وشەکاندا بچێت و بنجوبناوانی وشە کوردیەکانی ئەمڕۆ بەجوانیی دەستنیشان بکات بەبێ موبالەغە و زیادەڕۆیی کردن لە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکانیدا.
3. نووسەر جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی فارسی و روسی و سویدی و چەند زمانێکی دیکە دەزانێت و ئەو زانیارییە زمانییەشی خستۆتە خزمەت لێکدانەوە ئێتیمۆلۆجیەکانی و یارمەتیدەرێکی باش بووە بۆ ئەوەی نزیکایەتیی و خزمایەتیی وشە کوردییەکان لەگەڵ زمانە ئێرانیەکانی وەکو فارسی و تاجیکی و بەلوچی و پەشتۆ و هتد لەلایەک و زمانە هیندۆئەوروپاییەکانی دیکەی وەکو ئینگلیزیی و فەرەنسیی و ئەڵمانی و سویدیی و هتد، بخاتە ڕوو و بەراوردیان بکات. تایبەتیتریش ئەو زانیاریە وردەیە کە لەبارەی پڕۆتۆهیندۆئەوروپایی هەیەتی واتە Proto-Indo-European (PIE) کە زمانێکی گریمانەییە hypothetical زمانناسان دوای دیراسەکردنی وشەگەلی هاوبەشی زمانەجیاجیاکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە دەشێ ئەم زمانە دایکی هەموو زمانە هیندۆئەوروپاییەکان بێت بەهەموو لقەکانیەوە، جێرمانیک، لاتینی، سڵاڤی، یۆنانی، هیندۆئێرانی، ئەرمینی، هتد.
4. نووسەر زانیاریی وردی لەبارەی ئەو گۆڕانکاریە فۆنۆلۆجیانە هەیە کە بەتێپەڕبوونی زەمەن بەسەر دەنگەکاندا دێن، هەروەها کام دەنگە و چ دەنگێک دەشێ ئاڵوگۆڕیان پێبکرێ و جێگۆڕکێ بکەن، کامەش بەدوور دەزانرێ ئەو جێگۆڕکێیە بیانگرێتەوە.
5. لە فەرهەنگەکەدا دەیان و بگرە سەتان نموونە هەن بۆ لێکدانەوەی زۆر نوێ لەبارەی ڕیشەی مێژویی وشەکان (لای من زۆر نوێ و تازەن، حەقی خەڵکی دیکەم نیە)؛ با یەک نموونە وەربگرین: وشەی (پەڕینەوە) لە زمانی کوردییدا واتە لە بەرێکەوە چوونە بەرەکەی دی. لە پڕۆتۆئێرانیی par واتە پەڕینەوە. لە ئاڤێستایی para- parayat واتە پەڕینەوە. هەر لە ئاڤێستایی niparaiianta واتە پەڕینەوە بەرەو خوارێ. لە لاتینی poros واتە بەناوداچوون. ئێستاش لە ئینگلیزییدا وشەی porous واتە تەنێک کە بشێ ئاو بەناویدا تێپەڕبێت. هەروەها portable واتە شتێک کە بشێ یان بکرێ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە؛ کەواتە ئەمبەر و ئەوبەری پێدەکرێ.
ئەم نموونەی هێناومەتەوە تاقە لێکدانەوەیەکە لەناو هەزاران پەڕەی فەرهەنگەکە کە بێشومار لێکدانەوەی ناوازەی لەبارەی ریشەی مێژوویی وشەکان لەخۆگرتووە. خوێنەر چێژێکی زۆر دەبینێ لە خوێندنەوە و بەدواداچونی ئەو شیکاریی و لێکدانەوە تازانە.
6. بەڕاستیی ئەو کارەی مامۆستا هەرشەمیی کردوویەتی کاری تاکەکەسێک نیە بەڵکو دەبوایە دەزگایەکی گەورەی زانستیی لەپشتیەوە بایە بەڵام خۆی بەتەنها دەیان ساڵ کاری تێدا کردووە تا ئەو بەرهەمە ناوازەیەی هێناوەتە بوون.
قسەم زۆرە لەسەر گرنگیی ئەم بەرهەمە بەڵام لەسەر پەڕەی فەیسبووک هەر ئەوەندە دەنوسرێ و چاوەڕێی پسپۆرانی زمانی کوردییم خوێندنەوەی جیددی بۆ بەرهەمەکە بکەن لەداهاتوودا.
دەستخۆشیەکی گەرم لە نووسەری ئەم فەرهەنگە دەکەم و هەر ئەوەندەی پێدەڵێم: ڕاستە هیچ کارێکی ئاوا مەزن و زەبەلاح بێ کوموکوڕیی نابێت، بەڵام شانازییت پێوەدەکەم و خۆم بە قەرزارت دەزانم کە توانیوتە دڵی من و دەیان زمانەوانی دیکە خۆش بکەی بەوکارە زانستییە مەزنەت. بەهیوای بەردەوامییت و تەندروستیەکی باشت بۆ بە ئاوات دەخوازم.