سارۆس
لیلیانا بلۆم
و: مستەفا زاهیدی
هیچكات ئەم پەڕجوەوی نەویستبوو، بەڵام كە هەلەكەی بۆ رەخسا، رەتی نەكردەەوە. چاوەڕوانی لافیتەو شیرینی “بە خێر بێتەوە بۆ ماڵەكەت”ی نەدەكرد. بەڵام ئەو كاتەی بەرەو گوندەكە دەڕۆشت، چاوەڕوانی ئەوە بوو لانیكەم ئەو كەسانەی ئەو كاتەی زیندوو بوو، خۆشیان دەویست، بێن و باوەشی پێدا بكەن و ماچی بكەن. رووت بوونی بەلایەوە گرنگ نەبوو. نیوەی جەستەی كرم خواردبووی و گۆشتی گەنیوی زەرد هەڵگەڕاو لە سەر ئێسكە چەورە سپییەكانی زۆر ناشیرین بوو
بە پەلە دەڕۆیشتو پێكەنینێك لە سەردەموچاوی كەلێوی نەبوو، دەردەكەوت. ئێسكەكانی پاژنەی پێی دەبوو بە هۆی ئەوەی خۆڵ بەرز بێتەوەو تۆز بكات. مانگێكی بێ گیان ئەدرەوشایەوە. پەپوولە تەمبەڵەكان لەملاوە دەفڕین بۆ ئەولاو بە باڵەكانیان تۆزیان لە هەوا بڵاو دەكردەوە. كوندەبوویەكی سپی بای كردبووە ژێر باڵەكانی و لە سەر دار هەرمێیەكی دڕكاوی كە بە هۆی زۆری میوەوە سەری دانەواندبۆوە، بە گومانەوە تەماشای ئەكرد.
خانووەكەی خۆی بە شپرزەیی بینیی، زۆر خراپتر لەو سەردەمەی كە بە جێی هێشتبوو و رۆشتبوو. بەزەیی بە ژنەكەیدا هاتەوە، لە بەر ئەوەی نە میراتێكی بۆ جێهێشتبوو و نە كوڕێك كە ئاگای لێی بێت. بەرلەوەی بڕواتە ژوورەوە دەستی بە سەریدا هێنا بۆ ئەوەی ئەو چەند تاڵە مووە سپییە ساف بكات كە هێشتا لە كاسە سەرە پووكاوەكەیەوە شۆڕ ببۆوە. دواتر ئەو كرمەی كە لە سەر دەم و چاوی خەریكی جۆجۆ بوو و لە لووتییەوە دەڕۆشت و لە كاسەی چاویەوە دەهاتە دەرەوە، كەندەوەو خستییە سەر زەوی. بە ئارامی دەستی نا بە درگاكەوە. كە جێڕەی وشكی درگاكەی بیست، جنێوێكی دا. چاوەڕوان بوو كەسێك بەخێر هاتنی بكات.
لە سێبەری ژوورەكەی تەنیشتییەوە، لای مۆمێكی بێ گیاندا دایكە پیرەكەی بینیی كە شتێكی دەچنی و هیچ ئاگای لە دەوروبەری نەبوو. بەو پەڕی خۆبە زل زانینەوە تاقانە كوڕی ماڵەكە، بیركردنەوەی لەوەی كە دایكە زاهیدەكەی بیرلەو دەكاتەوە، خۆشحاڵی دەكات. پەڕییە بەردەمی و وتی:” مامیتا!منم! سارۆسی تۆ!”
شتەكە بەو شێوەیەی ئەو حەزی لێدەكرد نەچووە پێشەوە. پیرەژن شیش و گڵۆزە بەنەكە لە دەستی كەوتە خوار، چاوی دەرپەڕی و دەنگی دەرپەڕینی چاوی دەبیسترا. وەك ماسییەك لە ئاو بڕابێت دەمی كردەوەو دوایین هەناسەی دا. لاسارۆس بەوپەڕی شڵەژاوییەوە نكۆڵی كرد لەوەی ئەو بووبێت بە هۆی جەڵتەی دڵی دایكی. بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە بیری لەوە كردەوە :” ئەم پیرەژنە هەژارە تەمەنێكی بە دەستەوە نەمابوو.”
دواتر بە هیوایەكی تازەوە بەرەو ژووری زەماوەندەكەی رۆیشت. نەیزانی هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوو، لەبەرچاودا نین. لە بەر درگاكە بە دیتنی دیمەنێك كە لە پێش چاوە خاڵیەكانیدا بوو، وشك بوو. خێزانە خۆشەویستەكەی، عەشقی ژیانی، بێوەژنە ئازیەتبارەكە، لە باوشی خاشوای هاوڕێیدا بوو! ئەوان شەشەمین فەرمان لە دە فەرمانیان پێشێل كردبوو. زینا. بەو پەڕی نیگەرانییەوە لەو دیمەنەی كە ئەو، مێردی شەرعی و قانوونی ئەو ژنە دەیبینی، چاوی لە دیمەنەكە كرد. نەیتوانی بگری، لە بەر ئەوەی ئەو رەگانەی فرمێسكیان دێنا رزیبوون. بۆ ئەوەی نیگەرانی خۆی نیشان بدات دەستی برد و ئەو بەشە كەمەی لە چاوی مابۆوە، هەڵكەند و خستییە سەر زەوی.
بەشەلەشەل لە ژوورەكە دوور كەوتەوەو لە ماڵ چووە دەرەوە بۆ ئەوەی لای سەگە وەفاداراەكەی ئارام بگرێت. بەڵام سەگە ناڕەسەنەكەی بە تووڕەییەوە مڕەییەكی لێكرد و دەیویست ئەو لەتە گۆشتانەی كە بە سەر ئەم مرۆڤە نیگەرانەوە شۆڕ ببوونەوە، بكەنێتەوە. لاسارۆس ناچاربوو بە پەلە لەو رێگەوەی كە هاتبوو بگەڕێتەوە. بەڵام ئەمجارە نە كوندە بووە سپییەكە و نە پەپوولەكان هیچیان خۆیان تێنەگیاند. ئەو جاددەیەی كە بەرەو رۆم دەڕۆیشت ئەو گەیاندە دەروازەی قەبرستانەكە. لە سەر بەردی قەبرێك كە بە گیای زەرد داپۆشرابوو دانیشت و چاوبڕییە ئەو دووپشكانەی دەیانوویست لە ژێر ئێسكەكانی پێی ئەودا خۆیان بشارنەوە. لەو تاریكە شەوەدا لە قووڵایی دڵەوە ئاواتی خواست خۆزگا لە چاخی پەڕچووەكاندا نەدەژیا.