ئاڵا و وێنە
ن: ئەکرەم ئەمین
هەر نەتەوە و گەلێک بۆ ناساندن و پێناسەی خۆی، کۆمەڵێک هێما و سیمبۆلی نەتەوەیی هەیە کە یەک لەوان ئاڵایە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت ئاڵای فەرمیی خۆی هەیە و لە ساڵی (٢٠٠٩)دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا ڕۆژی (١٧)ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرا. ئەم ئاڵایە هاوشانی سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکانی دیکەی وەک، سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، پێشمەرگە، بە ڕەمزی نەتەوەیی کورد دەژمێردرێت و لەلای زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی ناسراوەو لە بۆنە فەرمییەکاندا هەڵدەکرێت. بەڵام…….. لەشارەکانی کوردستان ئەگەر چاوێک بە باڵەخانە و هۆتێل و بێنا بەرزەکاندا بخشێنین ئەوا لەهیچ کامێک لەو جێگایانە ئاڵای کوردستان هەڵنەکراوە. ئەگەر کەسێک بیەوێت وێنەیەک بگرێ کە ئاڵای کوردستان لەوێنەکەمدا دەربکەوێت، ئەوە لەهیچ جێگەیەکی ئەو شەقامەی کە بە قەرەباڵغترین شوێنی سلێمانی دێتە ئەژمار ئاڵای کوردستانی لێهەڵنەکراوە کەبتەوێ وێنەکە دەرکەوێت ، لەکاتێکدا زۆرترین گەشتیار و سەردانیکەر ڕوو لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) دەکەن . لەم کاتەدا سەردانێکم بۆ تورکیا بیرکەوتەوە، کە لەو وڵاتە وێنەم زۆر گرت، چەند هەوڵمدەدا لەوێنەکانمدا ئاڵای تورکیا دەرنەکەوێت، بەڵام بەشێوەیەکی هێندە زۆر و پلان بۆدانراو ئاڵاکان دانرابوون لەهەر گۆشەیەکەوە وێنە بگرێت ئاڵای تورکیا دەردەکەوێت. دەرکەوتنی و هەڵکردنی ئاڵای تورکیا بەپلان کراوە، لەسەر هەموو هۆتێل و باڵەخانەیەکی بەرزو بەلەم و کەشتی بچوکی گەشتیاری …. هتد هەموو جێیەک ئاڵای لێهەڵکراوەو هەمووشیان زۆرتازەن، ئەم کارەش شارەوانی و پارێزگاری ئەو وڵاتە کردوویەتی بەمەرج بەسەر ئەو شوێنانەدا. پێشنیار…. لێرەوە بەپێۆیستی دەزانم کەشارەوانی و پارێزگارەکانی کوردستان هەڵکردنی ئاای کوردستان بکەن بەیەکێک لەو مەرجانەی کە لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەت بە سەر بینابەرز و هۆتیل و جێگا گەشتیارییەکاندا فەرز دەکرێت ، بۆیە پێویستە شارەوانی سلێمانی و دام و دەزگا پەیوەندییدارەکان ئەو بینا و هۆتێل و شوێنە گەشتیارانە هانبدەن ئاڵای کوردستان بەشێوەیەکی شایستە و بەردەوام ئاڵای کوردستان هەڵبکەن و لە پیسیی و دڕاوی بیپارێزن .