بۆ من ژن نیم؟
لە ئینگلیزییەوە: ڕێزان نوورەدین
بۆ من ژن نیم؟
لە ئینگلیزییەوە: ڕێزان نوورەدین
ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە وتاردانی یەکێک لە ژنە رەش پێستەکانی ئەمریکایە کە دژی یاسای کۆیلەگەری و هەڵاواردنی ژنان لە سەدەی ١٩ لە ئەمریکا چالاکی کردوەو سەرەڕای ئەوەی کە خوێندەوارییەکی وەهای نەبووە، لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی رەش پێست لە دایکبووەو چارەنووسی وەها دیاری کراوە کە کۆیلە بێت. لە تەمەنی مێرمنداڵیدا وەک کۆیلە دەفرۆشرێت بە کابرایەکی سەرمایەدار، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لە لایەن ئەو سەرمایەدارەوە ئازاد دەکرێت، ئازاد کردنێک کە دەروازەکانی پێشکەوتن بەرەو ڕووی دەکاتەوەو ڕوو دەکاتە شارە گەورەکان و لە کڵێسە و ناوەندە ئاینییەکان فێری خوێندن و نووسین دەبێت و ئامۆژە ئاینییەکان وەردەگرێت و دەبێت بە ئاخێوەرێکی زۆر سەرکەوتوو و بۆ بانگەشەی ئایینی لەگەڕاندا دەبێت. سەکۆی وتاردانە ئاینییەکان دەکاتە مەکۆیەک بۆ وەستانەوە دژ بە یاسای هەڵاواردنی رەگەزی و جێندەری. ئەم چالاکە کۆمەڵایەتی – ئاینییە ساڵی ١٨٨٣ و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
پێشەکی لە نووسینی : دایان راڤیچ
سۆجۆرنێر ترۆس (Sojourner Truth)، ساڵی ١٧٩٧ بە ناوی ئیزبێلا و لە باوک و دایکێکی کۆیلە لە نیۆیۆرک لە دایکبوو. بەر لە ساڵی ١٨٢٧ و پێش ئەوەی کۆیلایەتی لە نیۆیۆرک هەڵوەشێتەوە، فرۆشرا بە کەسێک بە ناوی (ڤۆن واگنێن) کە ئەوی ئازاد کرد. دواتر چووە شاری نیۆیۆرک و وەک خزمەتکار خەریکی کار بوو، دواتر بوو بە یەکێک لە بانگەشەکەرانی ئایینی پرۆتێستانی ئینجیلی.
ساڵی ١٨٤٣ ناوی خۆی لە ئیزابێلاوە گۆڕی بۆ ” سۆجۆرنێر” و وەک بانگەشەکاری ئایینی سەردانی بەشە جیاوازەکانی وڵاتی کرد. ئەو کە ئاخێوەر و وتاردەرێکی بەتوانا بوو، سروودی دەوتەوەو خەلکی هان دەدا بۆ وەرگرتنی وتە خواو برایەتی نێوان ئینسانەکان.
پەیامەکەی تێکەڵەیەک بوو لە ئایین و بزووتنەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەتی و دوای ئەوەی کە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانیش ئاشنا بوو، فێمێنیسم و بەرگری کردن لە مافی ژنانیش کەوتە ناو ئامۆژەکانییەوە. لە سەردەمی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا، کاری بۆ بەرەی ئەیالەتەکانی باکوور دەکرد و یارمەتی بۆ دەستە سەربازییەکانی رەش پێستەکان کۆ دەکردەوە. ساڵی ١٨٦٤ رۆێشتە واشنگتۆن دی سی و لەوێ یارمەتیدەر بوو بۆ نەهێشتنی “جیاکاری رەگەزی” لە سیستەمی ترامواو گواستنەوەی گشتیدا و لە لایەن ئابراهام لینکۆڵنەوە لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرا.
ساڵی ١٨٥٠، سۆجۆرنێر ترۆس، بانگ کرا بۆ یەکەم کۆبوونەوەی نەتەوەیی مافەکانی ژنان لە ماساچۆست و تەنها ژنە رەش پێستی ئەو کۆمەڵەیە بوو. چەند ساڵ دواتر بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی مافەکانی ژنان لە ئۆهایۆ، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەشداربووان دژی بوونی ئەو بوون لەو کۆبوونەوەیە، لەبەر ئەوەی دەترسان کە بزووتنەوەی فێمنیستی، لەگەڵ بزووتنەوەی نەهێشتنی کۆیلەتی، کە ئەوکات زۆر بێزراو بوو، تێکەڵ بە یەک بن. ئەو کاتەی کە سۆجۆرنێر ترۆس، لە جێگەکەی خۆی هەستا بۆ ئەوەی بڕوات قسە بکات، وردە ورتی ناڕەزایەتی دەبیسترا. بەڵام کە وتاردانەکەی تەواو بوو، هەمووان چەپڵەیان بۆ لێدان ستایشیان کرد. ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە دەقی قسەکانی ئەوە.
بۆ من ژن نیم؟
گوێ بگرن مناڵەکانم، کە ئەم هەمووە دەنگە دەنگە هەیە و ئەم هەمووە ناڕەزایەتییە هەیە، دیارە کێشەیەک هەیە. لام وایە ئێستا کە رەش پێستەکان لە باشوور و ژنان لە باکوور ، تێکڕا باسی مافەکانیان دەکەن، بەم زوانە پیاوانی سپی پێست دەکەونە دۆخێکی دژوارەوە. بەڵام هەموو ئەم مشت و مڕانە لێرە لەسەر چی و بۆچییە؟
پیاوەکان لەولاوە دەڵێن ژنەکان بۆ ئەوەی سواری گالیسکە بن و بۆ ئەوەی لە جۆگە بپەڕێنەوە پێویستیان بەوەیە یارمەتیان بدرێت و دەبیت هەموو دەم باشترین شوێنیان هەبێت. بەڵام هیچکات، کاتی سواربوونی گالیسکە و پەڕینەوە لە جۆگە ، کەس یارمەتی نەداوم! بۆ من ژن نیم؟
تەماشام کەن. چاو لە باسکم بکەن. زەویم کێڵاوەو دانەوێلەم وەشاندوەو لە هەمبارەکاندا شتەکانم هەڵگرتووە. هیچ پیاوێک لەم کارانەدا یارمەتی نەداوم. بۆ من ژن نیم؟
دەمتوانی بەقەد پیاوێک کار بکەم و بخۆم- هەڵبەت ئەگەر خواردنێکم دەست کەوتبا- بەرگەی قامچیش بگرم. بۆ من ژن نیم؟
سێزدە مناڵم بووە. بەچاوی خۆم بینیومە کە زۆربەیان کراون بە کۆیلە و فرۆشراون ئەو کاتەی دایکانە بۆ مناڵەکانم دەگریام، تەنها عیسای مەسیح دەنگی دەبیستم! بۆ من ژن نیم؟
دواتر ، باس لەو شتە دەکەن کە لە مێشکی مرۆڤدایە. ناوی چییە؟ ( کەسێک لە ناو حەشیمەتەکەوە دەڵیت :” عەقڵ”.) بەڵێ هەر ئە شتەی کە وتت، ئازیزم. ئەمە چ پەیوەندییەکی هەیە بە مافی رەش پێستەکان یان ژنانەوە؟ ئەگەر پەرداخەکەی من بچووک بێت و هی تۆ گەورەتر، ئەوە ڕەوایە کە تۆ نەهێڵیت من پەرداخە بچووکەکەم پڕ بکەم؟ ئەوە کارێکی خراپ و ناڕەوا نییە؟
دواتر ئەو پیاوە کورتە بالایەی کە جلی رەشی لەبەرەو لەوێ وەستاوەو دەڵێت ناکرێت مافی ژنان و پیاوان وەک یەک بێت، لەبەر ئەوەی عیسای مەسیح ژن نەبوو! مەسیحی ئێوە چۆن هاتە ئەم دونیا؟ مەسیحی ئێوە چۆن هاتە ئەم دونیا؟ بە هۆی خوا و ژنێکەوە. پیاو هیچ دەورێکی نەبوو لە لەدایکبوونی مەسیحدا.
ئەگەر یەکەم ژن کە خودا خولقاندی ئەوەندە بەهێز بوو کە بە تاکی تەنها و هەر خۆی، توانی ئەم دونیا بگۆڕێ ، ئەم ژنانەش بە یەکەوە دەتوانن دونیا بخەنەوە سەر جێگەکەی خۆی، راست بۆ سەر جێگەی خۆی. ئێستە کە دەیانهەوێ ئەم کارە بکەن، باشتر وایە پیاوەکان ئیزنیان پێ بدەن و بەریان پێ نەگرن.
زۆر سپاس کە گوێتان لێ گرتم و قسەکانمتان بیست. (سۆجۆرنیر)ی پیر هیچی تری نییە بۆ وتن.
https://www.nps.gov/articles/sojourner-truth.htm