بەڕێوەچوونی دیداری رەخنەی ئەدەبی ” شێخ نووری شێخ ساڵح” لە سلێمانی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ لەھۆڵی چالاکییەکانی ئۆتێل داوا ، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەنووسەران و شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی، دیداری ڕەخنەی ئەدەبی “شێخ نووری شێخ ساڵح” بەڕێوەچوو.
ئەم دیدارە لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە ، ئامادەکرابوو، لەلایەن دکتۆر تەھا ڕەسوڵ سەرپەشتیاری دامەزراوەی ناو براو خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بە شێخ نووری شێخ ساڵح کە نەوەی بنەمالەکەیان خاتوون “ڕووناک شێخ جەناب” خەلاتەکەی وەرگرت.
ئەم دیدارە کەتا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت، سێ پانێڵی گرنگی لەخۆ گرت، لەپانێڵی یەکەم ، ڕەخنەو ھزری کۆمەڵایەتی ، لەڕەخنەی ئەدەبیەوە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، لەلایەن نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد پێشکەشکرا ، ھەروەھا کێشەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی (بێدەنگی و نائامادەیی لەلایەن فوئاد رەشیدەوە پێشکەشکراو ھاوکات ڕەخنەی ئەدەبی لەدەنگەوە بۆ دیالۆگ لەلایەن عابدولخالق یەعقووبی پێشکەشکرا.
لەپانێلی دوەم
دەق و نزیککاری فینۆمینۆلۆجی ، لەلایەن شاھۆ سەعید پێشکەشکرا، ھاوکات لەنائامادەیی ھزری ڕەخنەییەوە بۆ ڕەخنەگری بەڕاداندان و شاعیری ڕەخنەگر لەلایەن ھەندرێنەوە پێشکەشکرا، ھەر لەپانێڵی دووەمدا ڕەخنەی کولتووری و گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لەلایەن حەمە مەنتک پێشکەشکرا.
لەپانێلی سێیەم ودوایشدا ، ڕەخنەی ئەدەبی سنوورو دیدی جیاواز لەلایەن ھاوژین سڵێوەو ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بۆ رەوتی ڕەخنەی کوردی لەلایەن ھەرێم عوسمان و شیعری کۆستی کەریم دەشتی لەبەر ڕۆشنایی ڕەخنەی ژینگەیی پۆست کۆڵۆنیاڵی لەلایەن ئازاد حەمە شەریف پێشکەشکرا.
دواتر نووسەران و ئامادەبووان بە خستنەڕووی پرسیارو سەرنجەکانیان دیدارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد .