داگیرکردنی لەندەن، بە فیلمێکی دژە جەنگی ئەڵمانی
فیلمی ئەڵمانی ” لە بەرەی رۆژئاوا هیچ روونادا ” (All Quiet on the Western Front) بە بەدەست هێنای ٧ خەڵات لە رێ و رەسمی خەڵاتەکانی ئەکادێمیای فیلمی بریتانیا ( British Academy Film Awards) و لە حاڵێکدا کۆمەڵێک فیلمی باش لەو فێستیڤاڵەدا بەشدار بوو، هەمووانی تووشی شۆک کرد. بە تایبەت ئەوەی کە خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنەری دراوە بەم فیلمە ئەڵمانییە کە بەرهەمێکی جەنگییە و چیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی یەکەم. کۆمەڵێک لە رەخنەگرەکان هۆکاری ئەوەی کە ئەم فیلمە ٧ خەڵاتی پێدراوە، ئەوەیە کە ئەورووپا نیگەرانە لەوەی نەوەک جەنگێکی گشت گیر و جیهانی نوێ رووبدات و ئەم نیگەرانییە تەنانەت سینەما و پیشەسازی سینەماشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
ئێریک بێرگێر فیلمی ” لەبەرەی رۆژئاوا هیچ روونادات” ی بە پێی کتیبێکی بەناوبانگ هەر بەو ناوە بۆ کۆمپانیای نێت فلیکس دروست کردووەو تێچووەکەی ٢٠ میلیۆن دۆلار بووە. ئێریش ماریا مارک، نووسەری بەناوبانگی ئەڵمانی کتێبی ” لە بەرەی رۆژئاوا هیچ روونادات”ی ساڵی ١٩٢٩ بڵاو کردەوە کە باس لە ئەزموونی خۆی ئەکات لە جەنگی جیهانی یەکەمدا و ئەو کتێبە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو زۆر پێشوازی لێکرا.