دوای ٥٠ ساڵ دەرکەوتووە نێروەدا، شاعیری ناوداری چیلی، تیرۆر کراوە
بە پێی نوێترین لێکۆڵینەوە کە لە سەر جەستەی پابلۆ نێروەدا، شاعیری ناوداری چیلی ئەنجامدراوە، پاشماوەی ژارەی (کلستریدیۆم بۆتۆلینۆم” (Clostridium botulinum) لە پاشماوەی جەستەکەیدا بینراوەتەوەو ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە دوای کوودەتای پینۆشە، ئەم نووسەرە دیارەی خەڵکی چیلی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، بە مەرگی ئاسایی و بە هۆی شێرپەنجەوە نەمردووە، بەڵکوو تیرۆر کراوە.
لە ساڵی ١٩٧٣ەوە کە پانلۆ نێروەدا شاعیری و دیپلۆماتی ناسراوی خەڵکی چیلی، ماڵئاوایی لە ژیان کرد و هۆکاری مردنەکەی بۆ شێرپەنجەی پرۆستات و هەروەها برسییەتی گەڕێندرایەوە، بەردەوام گومانێک لە سەر مەرگی ئەم نووسەرە دیارە هەبوو. مردنی نێروەدا بە هۆی شێرپەنجەوە و دوای ١٢ رۆژ لە کوودەتای سەربازی پینۆشە، ئەوەندە جێی گومان بوو کە ساڵی ٢٠١٣ قەبرەکەی هەڵدرایەوەو دەستکرا بە لێکۆڵینەوە لە سەر مەرگی ئەم براوەیەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.
گومانێک کە لەسەر مەرگی پابلۆ نێروەدا هەبوو و هەروەها مکوڕ بوونی برازاکەی “رۆدۆلفۆ ریس” کە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەم شاعیرە تیرۆر کراوە، وایکرد لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەو دەرکەوتنی راستییەکان.
دە ساڵ لەوە پێش بوو، کە شۆفێری دادوەرێکی خەڵکی چیلی، بۆ دادوەرەکەی گێڕایەوە کە چەن کاتژمێر بەر لە مردنی ، نێروەدا پەیوەندی پێوە کردووەو پێی وتووە کە لە خەودا دەرزییەکی گومانئاوییان لێداوەو شتێکیان کردۆتە جەستەیەوە.
دوای دەرکەوتنی ئەم نهێنییە، ئەو دادوەرە فرمانی ئەوەی دا کە قەبری نێروەدا هەڵ بدرێتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان لە سەر پاشماوەی تەرمەکەی دەست پێ بکات. ئەم شۆفێرە بە دادوەرەکەی وتبوو لەگەڵ ژنەکەی نێروەدا بەرەو مەکزیک ئەڕۆیشتن، نێروەدا پەیوەندی پێوە کردووەو داوای لێکردووە خۆی بگەیەنێتە نەخۆشخانە. بەهەموو ئەمانەشەوە هاوسەر و هاوژیانەکەی نێروەدا لەسەر ئەو باوەڕە بوو ئازارێک کە بە هۆی کوودەتاکەی پینۆشەوە چێشتوویەتی بووە بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی نێروەداو سەرەنجام هۆکاری مەرگی بووە.
باڵیۆزی ئەو سەردەمی مەکزیک لە چیلیش وتبوو کە نێروەدای ٢ رۆژ پێش مردنی بینیوەو نزیک ١٠٠ کیلۆ کێشی بووەو ئەمە لەگەڵ ئەو راپۆرتەدا کە ئەڵێت نێروەدا بە هۆی برسییەتییەوە مردووە ناکۆکە.
دوای هەڵدانەوەی قەبری نێروەدا، سەمپڵ و نموونەی جەستەی نێروەدا نێردرا بۆ تاقیگەکانی ٤ وڵات و ساڵی ٢٠١٥ دەوڵەتی چیلی رایگەیاند بە پێی ئەنجامەکان پێدەچێت نێروەدا کوژرابێت و بە مەرگی سروشتی نەمردبێت. بە هەموو ئەمانەشەوە لەبەر ئەوەی دڵنیا نەبوون، لێکۆڵینەوەکان هەر بەردەوام بوون و سەرەنجام چەن رۆژ لەوە پێش راگەیەندرا کە نێروەدا بە ژەهر کوژراوە.