سوریالیزم بە ئاگاییکردنی نائاگایی
ن: نەبەز محەممەد
وشەی سوریالیزم، یەکەمجار لە لایەن گیوم ئاپۆلینەرەوە بەکار هاتووە و ناوی شانۆنامەیەکی خۆی بوو، ئاندریە بریتۆن و فلیپ سۆپییە ئەم زاراوەیان لەو وەرگرت. سوریالیزم لەکاتێکدا سەریهەڵدا کە تیۆرەکانی فرۆید دەربارەی شعوور و لا شعوور خەڵکیان سەرقاڵ کردبوو. ئاندریە بریتۆن و ئاراگۆن کە بۆخۆیان وەکو فرۆید پزیشکی دەروونی بوون سودیان لە تێزەکانی فرۆید وەرگرت و بناغەی قوتابخانە تازەکەی خۆیان لەسەر چالاکی لاشعوور دامەزراند.
لە یەکەمین بەیاننامەی سوریالیزمدا، کە لە ساڵی ١٩٢٤ دا، لە لایەن ئاندرییە بیرتۆنەوە نووسرا و بڵاوکرایەوە، بیرتۆن دەڵێت: “سووریالیزم ئۆتۆماتیکییەتی مێشکێكە کە دەخوازێت لە ڕێگەی زمان یان قەڵەمەوە یان هەر ئامرازێكی ترەوە، ڕەوتی واقعی و کاری هزرین نیشان بدات و دەربرێت. سووریالیزم چەسپاندنی هزرە بە بێ حوکمی عەقڵ و بە بێ هیچ جۆرە پابەندییەک بە یاساکانی جوانیناسی و پڕەنسیبی ئەخلاقی”.
سووریالیستەکان بۆ وروژاندن و هەڵهێنجانی ئەم (واقعیەتە تەواوە) ی کە لە قوڵایی لاشعووردا پەنهانە چەندین ڕێکاری پراکتیکی دەخاتە ڕوو کە سادەترینیان (( نووسینی خۆ بەخۆیە)): واتە نووسەر دوای ئەوەی زەینی خۆی خستە حاڵەتێکی نیمچە هۆشیاری خەون ئاساوە، ئیدی جڵەوی هزر بە قەڵەم دەسپرێت تا بە ئارەزووی خۆی بۆ هەرکوێیەکی دەوێت بیبات.
هەر بۆ ئەم مەبەستە بریتۆن فەرمان دەدات: “لە شوێنێکدا دانیشن کە بە تەواوی بۆ تەرکیزی هزرتان باش و لەبار بێت، ئینجا کاغەز و قەڵەم بگرنە دەست، خۆتان بخەنە حاڵەتێک کە هەر کاریگەریەک قبوڵ بکەن، دەربارەی هونەری خۆتان هونەری کەسانی دی بیر مەکەنەوە و ئەوانە لە بیری خۆتان ببەنەوە، لەبەر خۆتانەوە ئەوە دووبارە بکەنەوە کە ئەدەبیات رێگەیەکی مەترسیدارە و مرۆڤ بۆ هەموو شوێنێک ڕادەکێشێت.
بەم پێیە سوریالیزم بە ئاگاییکردنی نائاگاییە، خستنەگەڕی نائاگاییە وەکو ئاگاییەک کە نەدیوییەکانی واقع بەرجەستە دەکات، هەروەها بە ناواقعیکردنی واقع وەک ئەوەی ڕاستییەکان ئەوە نەبن ئێمە دەیانبینین، بەڵکو ڕاستییەکان شاراوە و پەردە پۆش و پەنهانکراون و ئەوەی وەکو واقع خۆ دەنوێنێ ڕووکەشە، ڕووکەشیش پۆشراوێکە بۆ داشارین و خۆ دەربازکردن لەوەی ناتوانین خۆمان بین.
بێگومان ژیانی مرۆڤ بەدەر نییە لە ڕاستی ئەم بۆچوونە، چونکە لەوەتەی بەشەر کەوتۆتە ململانێی یەکتر و بەرژەوەندی جیاواز دروستبووە و ژیانی کۆمەڵگەیی و دەستەڵاتداریی و یاسا و ڕێساکان بۆ چەسپاندنی ڕێوشوێنەکانی ژیانێکی خوزراو هاتۆتە ئاراوە، مرۆڤ لە پشتی پەردەوە زۆربەی کارەکانی بەڕێوە دەبات و ڕووبەڕوو مامەڵەیەکی تری کردووە و، ئامانجەکان شتێکی تربوون لەوەی کاریان بۆکراوە، لەپەنا دروشم و یاسا و بەها دیاریکراوەکانەوە، دەیان و سەدان بڕیاری نهێنی و کاری تر ئەنجام دراون.
بۆیە لای سوریالستەکان نووسینی خۆبەخۆ، خۆ ڕزگارکردنە لە عەقڵ و قەید و پەرەنسیب و هەر دەقگرتنێک بەهەر شتێک کە وەکو ڕاستی و هەقیقەت چەسپێنراوە.
هەروەکو لویی ئاراگۆن دەڵێت: لە پشت دنیای واقعەوە پەیوەندی گەلێکی دی هەن کە زەین دەتوانێ پەییان پێ ببات و هەمان گرنگی پلەی یەکەمیان هەیە، وەکو ڕێکەوت خەیاڵ وەهم و خەون، هەموو ئەمانەش لە ئەدەبی سوریالیزمدا بەرجەستە دەبێت.
رضا سید حسینی، مکتبهای ادبی، جلد دوم، ص ٨٢٣
ئاندرییە بریتۆن دەڵێت تایبەتمەندی سوریالیزم بریتییە لە سێ تەکنیک؛ نووسینی خۆ بەخۆ گێڕانەوە خەیاڵییەکان، ئەزموونی خەونی موگناتیسی. رضا سید حسینی، مکتبهای ادبی، جلد دوم ص ٨٢٣
سەرسوڕمان خاڵی سەرەکییە لە جوانیناسیی سوریالیزمدا، لە مانیفێستی سوریالیزمدا هاتووە کە ” سەرسوڕمان جوانە، هەر جۆرە سەرسوڕمانێک جوانە، سەرسوڕمان بوونی نییە مەگەر ئەوە کە جوان بێت”. حقیقت و زیبایی، درسهای فلسفەی هنر، بابک احمدی، چاپ پانزدهم١٣٨٧، ص٣٧٨
بەم پێیە سوریالیزم هەڵگەڕانەوەی ئەم واقعە و بەدەستهێنانی واقعێکی شاردراوە و گومناوە لە خودی مرۆڤدا لە ڕوانگەی سوریالیزمدا مرۆڤ هەر ئەوە نییە کە دەیڵێت و نیشانی دەدات و بۆ تۆ ڕوون ئاشکرایە، بەڵکو مرۆڤ وێنە ڕاستودروستکەی دەشارێتەوە و، ئەو خاڵ و پنتانە ئارایشت دەکات کە کۆمەڵگە پەسەندی کردووە و، لە سەری راهاتووە و دەیەوێت، یان ڕاستر بڵێین ئەوەی واقعێکی ساختە و ڕووکەشگەرا دەیخوازێت. بۆ ئەمەش مرۆڤ دەبێت نائاگایی بەگەڕ بخات و خۆی ئازاد بکات تەنانەت کۆت و بەندی زمانیش تێپەڕێنێت و ورێنە بکات و وڕێنە دەتوانێ ئەوەی لە ژێر بەڕەیە بیخاتە سەربەڕە، واتە پێویست نییە ئەو شتێک بڵێت کە پێیوستە واتایان هەبێت، بەڵکو جوان وتن و خودی جوانیی و سەرسوڕماندن ئامانجە. بریتۆن لەمبارەوە دەڵێت: چ شانازییەک لەوە گەورەترە نووسەر نەزانێت زمان چییە، قسە چییە دەستووری نووسین چییە، هەلومەرجی کۆتایی هینانی قسە چییە.. ل٢٤٣
دەبێت واتا تێپەڕێنین بۆ بان واتا، کە لەوێدا دەشیت واتای نوێ و دەرفەتی نوێ بۆ تێگەیشتن لە خودی ژیان و مرۆڤ و شتکان بڕەخسێت. بە بۆچوونی بریتۆن زەحمەتە جیهانی خەون و خەیاڵ بە زمانی باو بێتە دەربڕین و نیشاندان، چونکە دەبێت مانای چاوەڕواننەکراو لە وشەکان دەربهێنرێت،
هەڵبەتە زۆر پێش سوریالیستەکان ئالفێرد دوموسێ له ساڵی 1842 دهڵێت: ((دهبێت وڕێنه بکهین)) ئهوهی دهبێت بخرێته ڕوو جۆشوخرۆشی شاعیره و ئهوهی دهبێت بهدهست بێت جۆشوخرۆشی خهڵکه.
بەواتایەکی تر، لە ڕوانگەی سوریالیزمدا، لە هەریەکێکماندا خودێکی هەڵپەسێردراو هەیە، ئەو خودە هەڵپەسێردراوە دەبێت بئاخفێت، خودێکی کە دەرفەتی ژیانی راستەقینەی نییەو کۆمەڵگە یان دەوروبەرو ڕێساویاساو تێگەیشنە باو و چەقبەستووەکان، مەزهەب و پیرۆزییەکان، چەپاندوویانە. ئەو خودە سەرکوت و خەفەکراوە کە لە هەریەکێکماندا هەیە، سوریالیزم شیعر دەکاتە پانتاییەک کە ئەم خودە هەڵپەسێردراوە تەواو ئازاد و بێ باکانە بدوێ و قسەی خۆی بکات، بۆ ئەمەش نووسەری سوریالیست بە تەواوی خۆی لەو دەوروبەر و واقع ڕزگار دەکات و، سەربەستانە بێهیچ لەمپەر و تەڵزگەیەکی زمانی و فکری و ئاینی و کۆمەڵایەتی، لە دۆخێکی تەواو ڕەهاو ئازاد تا ڕادەی دێوانەیی و بێهۆشی و ڕێنەکردن، دەپەیڤێت و دەنووسێت و خۆی دەردەبڕێت.