چەن هۆنراوەی محەممەد کوردۆ
نالی
دەڵێن نالی
وتویەتی:
من هیچم لەكەس ناوێ
تەنها لەسەر
گۆڕەبێنازەكەی حەبیبە
دارێكی خەمبار بنێژن و
ناوی بنێن نالی..!
گۆڕ
دایكێكە جگەرسۆز
قەت ناشێ
ڕۆڵەی خۆی
لەبیركات..
ماڵێكە بێتاپۆ
چەند خۆشە
كەس نییە
لێمانی داگیركات..!
كێل
ئای ئێوە مەزنن..
بە لێشاو
دڵسۆزی و
گەورەیی
ڕۆ دەكەن..
دەزانن
كە مردوو بێكەسە
سێبەری بۆ دەكەن..!
كفن
—
چۆن پیرۆز نابێ لات؟
كە دەمری
دایكیشت جێت دێڵێ،
چواردەورت چۆڵ و هۆڵ..
كەچی ئەو
دەتكاتە باوەش.. و
لەگەڵتا دادەڕزێ.. و
دەبێتە خاك و خۆڵ..!
گوڵاو
—
وەك باران
لە هەوری قژتەوە
دە
با
ری..
لەچەمی
(روح)مدا
دەبووە
تافاوی بەختیاریی..!
بێستوون
ئەگەرچی شاخێك بوو
زۆر گەورە و زۆر پتەو..
بەڵام هەر
قەرزاری فەرهادە،
خۆی كوشت و
نەمریی دا بە ئەو..!