* كۆبوونەوەیەك بۆ رێكخستنەوە و بەدواداچوونی فەرمانگەكان …
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 6/2/2023، بۆ بەدواداچوون و رێكخستنەوەی باشتری دەوامی فەرمانبەرانی بەش و هۆبەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەش و هۆبەكانی ناو شاری سلێمانی بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی و ئامادەبوونی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرەتا دەقیقەیەك بە بێدەنگی وەستان، بۆ رۆحی پاكی قوربانیانی كارەساتی بومەلەرزەكەی شەوی رابردووی باكوور و رۆژئاوای كوردستان. پاشان بڕگە و تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە دەستی پێكرد.
سەرەتا د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتیی، چەند خاڵێكی ئیداریی پەیوەست بە رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی رێنماییەكان باسكرد، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی بوونی پلان و بەرنامەی چالاكییەكان كرد كە پێویستە فەرمانگە و بەشەكان و هۆبەكان چالاكتر و ئەكتیڤتر بن، بۆ ئەمەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بە پێی پێویست هاوكاریان دەبێت.
پاشان، محەمەد كوردۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی، وردەكاریی و رێنمایی زیاتری لە رووی ئیدارییەوە بۆ بەشەكان روونكردەوە بە ئامانجی رێكخستنەوەی زیاتری فەرمانگەكانیان.
دواتر، ئەکرەم محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، رێکار و رێنماییە ئیدارییەکانی زیاتر روونکردەوە کە پێویستە سەرجەرم فەرمانگە و بەش و ھۆبەکان رەچاوی بکەن، لەپێناو ھەماھەنگیی و رێکخستنی زیاتری کار و ئەرکەکان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بەڕێوەبەری بەش و هۆبەكان سەرنج و تێبینی خۆیان خستەڕوو و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییشەوە وەڵامی پێویست درانەوە.